وتەکان | وتەی دووهەم | 9
(9-12)

وتەی دووھەم

بسم الله الرحـمن الرحيم

(اَلَّذِينَ يُؤْمِنُونَ بِالْغَيْب) البَقَرَة:3

ئەگەر دەتەوێت بزانیت "ئیمان" چ بەختیاری و نیعمەتێکی گەورەیە و، چ لەزەت و حەسانەوەیەکی بەنرخ بە مرۆڤ دەبەخشێت، ئەوا گوێ بۆ ئەم کورتە چیرۆکە ڕابگرە:

ڕۆژێکیان دوو پیاو پێکەوە چوونە گەشتێک بە مەبەستی ڕابواردن و بازرگانی، یەکێکیان = کە تابڵێی خۆپەرست و بەدبەخت بوو = ڕووی کردە لایەک و، ئەوی تریان = کە خواپەرست و بەختەوەر بوو = ڕووی کردە لایەکی تر.. بەم جۆرە، ھەریەکەیان ڕێی خۆی گرتەبەر.

خۆپەرستەکەیان، لەبەر ئەوەی لە خۆبایی و ڕەش‏بین بوو و تەنھا بیریشی لە بەرژەوەندیی خۆی‏ دەکردەوە، دووچاری وڵا‏تێکی زۆر خراپ بوو. ڕووی دەکردە ھەر گۆشە و قوژبنێک، مرۆڤی بێچارە و بێدەستەڵا‏تی دەبینی کە ھاواریان دەکرد و لە دەست کەسانی دڵڕەق و بێبەزەیی دەیان‏ناڵا‏ند.. دەڕۆشتە ھەر جێگایەک خەم و پەژارەی بەرچاو دەکەوت، بە ڕادەیەک ئەو وڵا‏تە لە پێش‏چاوی‏دا شێوەی ماتەمینگایەکی گشتیی وەرگرتبوو! جا بۆ ئەوەی ئەم مەینەتی‏یەی خۆی کەم بکاتەوە و لە بیری خۆی بەرێتەوە، ھیچ چارەیەکی نەدۆزی‏یەوە جگە لە خۆمەست‏کردن. چونکە وا گومانی دەبرد کە ھەموو دانیشتووانی ئەم وڵا‏تە یان دوژمنایەتیی دەکەن و ڕقیان لێیەتی، یاخود نامۆ و بیانین بەم، ئەوەش کە زیاتر ئەم گومانەی بەھێز دەکرد ئەوە بوو کە بە ھەر لایەک‏دا دەیڕوانی و سەیری دەوروبەری خۆی‏ دەکرد، چەندین تەرمی سامناکی دەھاتە پێش‏چاو، ھەروەک گوێی لە دەنگی ناڵە و شیوەنی نائومێدیی ھەتیوان دەبوو. بەم جۆرە، ئەم شتانە بوون بە مایەی ئەوەی کە ویژدانی ئەم مرۆڤە لە ئازاردا بتلێتەوە.

دەنگ نییە