وتەکان | وتەی دووهەم | 11
(9-12)

برادەرەکەشی کە ئەمانەی لـێ‏بیست و ھۆش و بیری خۆی خستەکار و ھاتەوە سەرخۆی، بە پەشیمانی‏یەوە وتی:

بەڵێ ڕاستە، من بەھۆی ھەڵس‏وکەوتم لەگەڵ ھەندێک لە خراپەکاران‏دا و سەروسەودام لەگەڵ مەی‏دا تێک چووبووم. خوا پاداشتت بداتەوە و لێت ڕازی‏ بێت، لە بارێکی پەرێشان‏دا بووم ڕزگارت کردم.  

* * *

ئەی نەفسەکەم!

باش بزانە کە پیاوی یەکەم: مرۆڤی "کافر" یاخود "فاسق"ی لەخوا بێئاگایە. ئەم دنیایە لە ڕوانگەی بینینی ئەودا ماتەمینگایەکی گشتی‏یە و، سەرجەمی زیندەوەرانیش وەکو ھەتیو وان و، ھەمیشە لە دەست جودایی و لێک‏دابڕان لە ناڵە و گریاندان..

لەم ڕوانگەیەوە ئادەمیزاد و گشت زیندەوەران بێخاوەن دێنە بەرچاو و، بە نینۆکی ئەجەل شپرزە و لەت لەت دەکرێن و، چیا و دەریا و بوونەوەرە مەزنەکانی تریش وەک تەرمی ترسناکی بێگیان و ھەست دەردەکەون.

ئەم جۆرە کوفر و گومڕایی‏یانەی کە مرۆڤ دەتوێننەوە، چەندین پەژارە و سەرسامییان لێ پەیدا دەبێت و، ئازارێکی تاڵی مەعنەویش دەرخواردی خاوەنەکەیان دەدەن.

پیاوی دووھەمیش: "مرۆڤی باوەڕدار"ە، کە بەدیھێنەر و خوای خۆی دەناسێت و باوەڕی پێیەتی. ئیتر "دنیا" لە ڕوانینی ئەودا بریتی‏یە لە: ذیکرگایەکی خوایی و، گۆڕەپانی مەشق و فێرکردن بۆ مرۆڤ و زیندەوەران و، کۆڕی تاقی‏کردنەوەی "جیننی" و "ئادەمیزاد"ە.. 
مردنی مرۆڤ و زیندەوەران لەو گۆشەنیگایەوە بریتی‏یە لە: پشوودانی پاش تەواوکردنی ئەرکی ژیان. باوەڕداران شادمانن بە ماڵئاوایی کردنیان لەم دنیا فانی‏یە، بۆ ئەوەی بەرەو جیھانێکی تری وا بگوێزرێنەوە کە پڕ بێت لە ئارامی و ھێمنی و، دەرفەت و ماوەش فراوان و ئامادە بێت بۆ بەرەی داھاتوو کە ئەرکی خۆیان وەربگرن و ئەوانیش ھەوڵی خۆیانی تێدا بدەن..

دەنگ نییە