وتەکان | وتەی دووهەم | 10
(9-12)

بەڵا‏م ئەوی تریان، لەبەر ئەوەی خواپەرست و عەوداڵی حەق و ڕاستی و خاوەنی ڕەوشتی بەرز و پەسەند بوو، تووشی وڵا‏تێکی خۆش و دڵڕفێن بوو. ھەر کە گەیشتە ئەوێ سەیری‏کرد وا ئاھەنگ و شادی سازکراوە و، لە ھەموو لایەکەوە شادمانی‏یە‏ و لە ھەر گۆشەیەک‏دا خۆشی‏یە و لە ھەر جێگایەک‏دا میحرابی ذیکرە، بە ئەندازەیەکی ئەوتۆ دڵی بەم دیمەنانە گەشایەوە کە ھەموو دانیشتووانی وڵا‏تی بە دۆست و ھاوڕێی دڵسۆز و خزمی خۆشەویست دەھاتە پێش‏چاو. پاشان دەیبینی کە سەرانسەری وڵا‏ت لە ئاھەنگی پشوودان‏دا شوکر و سوپاس و شادمانی و بەختەوەریی خۆیانیان ڕادەگەیاند و، گوێی لە ئاھەنگی تیپی مۆسیقا بوو کە بە ئاوازی پڕ لە جۆش و حەماسەتەوە خەڵکی دەخرۆشاند و ھەڵی‏دەنان کە بە تەکبیر و تەھلیلەوە بەرەو جیھاد و خزمەت‏گوزاری بڕۆن.

لە کاتێک‏دا کە بەدبەختەکەیان بە پەژارەی خۆی و ئازاری خەڵکی‏یەوە دەتلایەوە، کەچی ئەم بەختەوەرە، بە شادمانیی خەڵکی دڵخۆش و شادمان بوو. سەرەڕای ئەمەش بازرگانی‏یەکی بەپیت و بەرەکەتی کرد و شوکرانەی خوای میھرەبانیشی بەجێھێنا.

لە گەڕانەوەیدا تووشی ھاوڕێکەی بوو، ھەواڵی لـێ‏ پرسی. کە لە وەڵا‏می ھاوڕێکەیەوە ھەموو شتێکی بۆ دەرکەوت، ڕووی تێکرد و پێیوت:

"برام! تۆ دەڵێیت چی؟ ئایا شێت بوویت و ژیریت لەدەست داوە؟! تەنھا ئەنجامی ڕەنگدانەوەی ڕەش‏بینیی دەروونتە کە لە ڕواڵەتت‏دا بەرجەستە بووە و، ھەموو خەندەیەک بە شیوەن دێتە بەرچاوت و، ھەر پشوودان و مۆڵەتێکیش بە تاڵا‏ن و بڕین دەزانیت! وەرەوە سەر ھۆشی خۆت و دڵت لە ھەموو ژەنگێک پاک بکەرەوە، تاکو ئەم پەردە تاریکەی سەر چاوانت لابچێت و بە ڕوونی ڕاستی ببینیت. ئەوەش بزانە کە پادشا و خاوەنی ئەم وڵا‏تە لەوپەڕی پلەی دادپەروەری و بەخشندەیی و توانا و پەروەردگاری و بەزەیی‏دایە.. جا وڵا‏تێک بەم چەشنە لە بەرزی و پەرەسەندن‏دا بێت = کە شوێنەواری ئەمانەش بە ئاشکرا دەبینرێن = ھەرگیز بەو جۆرە نابێت کە بیر و خەیاڵی تۆ لـێی تێگەیشتووە"!

دەنگ نییە