وتەی چوارەم
(الصَّلاةُ عمادُ الدِّين)
ئەگەر دەتەوێت ڕادەی گرنگیی نوێژت بۆ دەربکەوێت و، بزانیت چ دەسکەوتێکی گەورەیە و، چۆن مرۆڤ ئەم دەسکەوتەی بە ئاسانی دەستگیر دەبێت..
ھەروەھا ئەگەر دەتەوێ گێلی و تێنەگەیشتنی ئەو کەسەت بۆ دەربکەوێت کە ئەم پەرستشە ئەنجام نادات و، بزانیت چەندە مرۆڤێکی زەرەرمەندە..
ئەگەر حەز دەکەیت ئەمانە بزانیت و بە ئەندازەی (دوو کەڕەت دوو دەکاتە چوار) لێی دڵنیا ببیت، ئەوا سەرنج لەم چیرۆکە کورتە بدە و لـێی ورد بەرەوە:
جارێکیان فەرمانڕەوایەکی گەورە دوو خزمەتگوزاری خۆی بۆ باخچەیەکی تایبەتیی جوان نارد کە دوو مانگ ڕێ دوور بوو، تاکو پێی بگەنە مەزراکە و لەوێ نیشتەجێ ببن. یەکی بیستوچوار لیرەی زێڕیشی دانێ و پێیوتن:
(بلیت و پێداویستییەکانی گەشتەکەتان و، پێویستییەکانی ناوماڵ و نیشتەجێبوونتان، بەم پارەیە بکڕن.. دوای ڕۆژە ڕێیەکیش دەگەنە ئیستگایەک کە ھەموو ھۆکارەکانی گواستنەوەیان تێدایە لە ئۆتۆمبێل و، فڕۆکە و، شەمەندەفەر و، پاپۆڕ.. سواربوونی ھەرکام لەمانەش بە گوێرەی سەرمایەی ئەو کەسەیە کە سواری دەبێت).