ئەوانیش دوای وەرگرتنی ئەم دەرس و ئامۆژگارییانە، کەوتنەڕێ. یەکێکیان لەبەر ئەوەی مرۆڤێکی بەختەوەر و شادمان و ژیر بوو، بەشێکی پارەکەی بە جۆرێک فەرمانڕەوا پێی ڕازی بێت، خستەکار و کەسابەتەوە تا گەیشتە ئیستگاکە و، سوود و قازانجێکی زۆری لـێ دەستکەوت بە چەشنێک کە سەرمایەکەی یەک بۆ ھەزار زیادی کرد.
بەڵام ئەوی تریان کە تابڵێی بەدبەخت و بەدخوو بوو، تا گەیشتە ھەمان جێ، بیست و سێ لیرەی لە قوماروموماردا خەرج کرد و تەنھا یەکێکی پێ مایەوە! لەبەر ئەوە، برادەرەکەی پێیوت:
کاکی خۆم! ئەم لیرەیەی ئێستا پێتماوە بلیتی سەفەری پێ بکڕە، بۆ ئەوەی لەم ڕێگا دوور و درێژەدا بە برسێتی و ئاوارەیی نەمێنیتەوە، بە خۆڕایی لە دەستی مەدە. فەرمانڕەوای گەورەشمان تابڵێی لـێبوردە و جوانمەردە، بەڵکو لە کەموکووڕییەکانت خۆش ببێت و تۆش سواری فڕۆکە بکات و پێکەوە لە ماوەی ڕۆژێکدا بگەینە نیشتەجێی خۆمان. خۆ ئەگەر بە گوێیشم نەکەیت، ئەوا ناچار دەبیت کە بە پێ بکەویتە ڕێ و بە دوو مانگی ڕەبەق و بە برسێتی و نامۆیی و تەنیایی ئنجا بیبڕیت و بگەیتە جێ.
جا ئەگەر ئەم ھاوڕێیە سەرپێچیی نواند و بەو تاکە لیرەیە ئەو بلیتەی نەکڕی = کە وەک کلیلی دەرگای گەنجینەیەک وایە = بەڵکو لە ئارەزوو و ڕابواردنێکی سەرپێییدا بەکاری ھێنا، ئایا تێنەگەیشتووترین مرۆڤیش ئەم کارە بە بێعەقڵی و بەدبەختی لە قەڵەم نادات؟
* * *