مەبەست لەو بلیتەش (نوێژ)ە..
لە ڕاستیدا تەنھا یەک سەعات لەو بیستوچوار سەعاتە سەروزیادە بۆ نوێژ و دەستنوێژی ماوەی ئەو شەو و ڕۆژە.
ئایا ئەو کەسەی کە بیستوسێ سەعاتەکەی شەو و ڕۆژ بۆ ئەم دنیا زۆر کورت و کەمە سەرف دەکات و تاقە سەعاتێکیشی بۆ ژیانی نەبڕاوەی ھەمیشەیی تەرخان ناکات، چەندە ستەم لە خۆی و کارێکی دوور لە ژیری دەکات؟!
بەڵێ، لە کاتێکدا خەرجکردنی نیوەی سامان لە قومارێکی وەک (یانصیب)دا کە ھەزار کەس بەشداریی تێدا دەکەن، بەلای ھەندێکەوە بە کارێکی ژیرانە دەژمێررێ، کە ڕێژە و گریمانی بردنەوەشی یەک لە ھەزارە، دەبێ ئەو کەسەی کە یەک لە بیستوچواری سامانی خۆی لە قازانجێکی گومان لـێ نەکراودا و لە دەستکەوتنی گەنجینەیەکی ھەمیشەییدا بەشدار نەکات = کە ڕێژەی قازانجی لە سەدا نەوەدونۆیە = دەبێ ئەو کەسە لەوپەڕی گەوجی و بێ عەقڵیدا بێت!
لە ھەمان کاتیشدا نوێژکردن حەسانەوەیەکی تابڵێی گەورە بە "ڕۆح" و "دڵ" و "عەقڵ"ی مرۆڤ دەبەخشێت، جگە لەوەش کارێکی قورس نییە بۆ "لەش"ی مرۆڤ. سەرەڕای ھەموو ئەمانەش، ئەو کەسەی نوێژەکانی بەجێ دەھێنێت، بەھۆی نییەتی پاک و خاوێنەوە، ھەموو کار و کۆششێکی حەڵاڵی تری بۆ دەبێت بە پەرستش و، بە عیبادەت بۆی دەژمێررێت.
بەم چەشنە، مرۆڤی نوێژکەر دەتوانێت ھەموو سەرمایەی تەمەنی بەرەو ئاخیرەت بەڕێ بکات و، بە تەمەنە کورت و فانییەکەی دنیای، تەمەنێکی ھەمیشەیی لە دواڕۆژدا بەدەست بھێنێت.