وتەکان | وتەی پێنجەم | 23
(23-28)

وتەی پێنجەم

بسم الله الرحـمن الرحيم

(اِنّ الله مَعَ الَّذينَ اتَّقَوْا والّذينَ هُمْ مُحْسِنُونَ) (النحل: 128).

ئەگەر دەتەوێ بزانیت "بەجێ‏ھێنانی نوێژ" و "خۆپاراستن لە گوناھە گەورەکان" چەندە پلەیەکی بەرزە لە فەرمانبەرێتیی راستەقینەی ئادەمیزاددا و، چەندەش لەگەڵ فیگرەت و سروشتی مرۆڤ‏دا گونجاون.. گەر دەتەوێت ئەمانە بزانیت، ئەوا سەیری ئەم چیرۆکە بکە و گوێی لـێ‏ رابگرە:

لە جەنگی گەورەی جیھانی(سەفەربەرلک)دا دوو سەرباز پێکەوە لە تیپێک‏دا بوون. یەکێکیان: کارگوزار و مەشق‏پێ‏کراو بوو، تا بیشڵێی ئەرک و فەرمانی خۆی بەدڵ بوو. ئەوی تریشیان: ھیچ نەزان و تەمبەڵ و سک و نەفس پەروەر بوو.

یەکەمیان، کە ئەرکی خۆی بە رێک‏وپێکی رادەپەراند، ھەمیشە بایەخی بە مەشق‏کردن و داخوازی‏یەکانی جیھاد دەدا و، ھەرگیز بیری لە پێداویستی‏یەکانی خواردن و خواردنەوە نەدەکردەوە، چونکە دڵنیا بوو لەوەی کە: بەخێوکردن و تیماری کردنی لە کاتی نەخۆشی‏دا و دابین‏کردنی کەرەسە و ئامێر و پێداویستی‏یەکانی، تەنانەت پاروو کردنیش بە دەمیەوە لە کاتی پێویست‏دا، ئەمانە ھەموویان کار و ئەرکی سەرشانی دەوڵەتن. بەڵا‏م ئەرکی سەرشانی ئەم تەنھا مەشق‏کردن و جیھادە. خۆ ئەمەش رێ لەوە ناگرێت کە ھەندێ جار و لە کاتی پێویست‏دا ئامادەکردنی خواردن و ھەندێ کاروباری وەک شۆردنی قاپ و کەوچکەکانی خواردن بخاتە ئەستۆی خۆیەوە.

دەنگ نییە