وتەکان | وتەی پێنجەم | 25
(23-28)

کەواتە ئێمە لە بەردەم دوو ئەرک و فەرمانبەری‏داین. یەکێکیان: فەرمانبەرێتیی پادشا خۆیەتی، کە بەخێوکردنی ئێمەیە، ھەرچەندەش ھەندێ جار ھەندێ لە ئەرکەکانی خۆی بە ئێمە دەسپێرێت. ئەوی تریان: فەرمانبەرێتیی تایبەتیی خۆمانە کە ئێمەی بۆ تەرخان کراوین، ئەویش جەنگ و مەشق‏کردنە. خۆ بێ‏گومان پادشا لەمەش‏دا ھەندێ یارمەتیمان دەدات و رێمان بۆ ئاسان دەکات).

* * *

براکەم! بێ‏گومان تێ‏گەیشتیت لەوەی کە ئەگەر ھات و ئەم یەکەیان گوێی بۆ ئەو برادەرە دڵسۆز و موجاھیدەی خۆی رانەگرێت، چ زیانێک رووی تێ‏دەکات و خۆی دەخاتە چ مەترسی‏یەکەوە.

ئێستاش ئەی نەفسی تەمبەڵم!

بزانە کە: مەبەست لە گۆرەپانی جەنگ لەم چیرۆکەدا: ئەم ژیانە شلۆق و شڵەژاوەی دنیایە.. ئەو تیپە سەربازی‏یانەش: نەوە و وەچەکانی مرۆڤایەتین لە دێر زەمانەوە ھەتا ئێستا.. مەبەست لەو تیپە ناوبراوەیش: کۆمەڵگای موسڵمانی نوێی ئێستامانە.. ئەو دوو سەربازەش لەو تیپەدا، یەکەمیان: مرۆڤی دڵ وریا و ئاگادارە کە درێغی لە بەجێ‏ھێنانی فەرزەکانیدا ناکات و لە گوناھەکان دوورەپەرێزە و ھەردەم لە خواپەرستی‏دایە و خەریکی موجاھەدەی نەفس و شەیتانە، تاکو خۆی لە تاوان و گوناھباری بپارێزێت. ئەوی تریشیان: مرۆڤی زەرەرمەندی فاسقە کە وازی لە بەجێ‏ھێنانی فەرزەکان ھێناوە و کەوتووەتە داوی ئەو خەتاباری‏یەی کە لە رێی پەیداکردنی رۆزی‏دا دێتە رێی، ئەو مرۆڤەیە کە نوقمی خەفەت و بیرلێکردنەوەی گوزەرانە و، ئەم ھەوڵە بێ‏وچانەی بۆ دنیا گەیاندوویەتە ئەوەی رۆزیدەر(الرزاق)ی راستەقینەش تۆمەتبار بکات!

دەنگ نییە