بەڵێ، بۆ ئەوەی باشتر بۆت روون ببێتەوە کە پەیداکردنی رۆزیی "حەڵاڵ" پشت بە ھێز و دەستەڵات نابەستێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە، لاوازی و بێدەستەڵاتی دەبن بەھۆی دەستکەوتنی رۆزی، ئەوا تەنھا بەراوردکردنێک لە نێوان: "ماسییە دەبەنگەکان" و "رێوی".. ھەروەھا لە نێوان "بێچووە بێھێزەکان" و "جانەوەرە درندەکان".. ھەروەھا "درەختە راوەستاوەکان" و "ئاژەڵە بە ھەڵپە و تەماعەکان"دا، سەروزیادە بۆ ئەوەی ئەم راستییەت بە تەواوی بۆ روون ببێتەوە!
کەواتە ئەو کەسەی لە پێناوی ژیان و گوزەراندا نوێژ و پەرستشەکانی پشتگوێ دەخات، وەک ئەو سەربازە وایە کە مەشق و سەنگەری جیھاد بەجێ دەھێڵـێت و دەکەوێتە دەستپانکردنەوە لە بازارەکاندا.
بەڵام ئەو کەسەی پاش بەجێھێنانی نوێژ و پەرستشەکان، کاروبارەکانی رادەپەرێنێت و لە گەنجینەی میھرەبانیی خواوەندی رۆزیدەردا بە شوێن رۆزیی خۆیدا دەگەرێت، تاکو نەبێت بە بار بەسەر کەسی ترەوە و دەست لە ھیچ کەسێک پان نەکاتەوە.. ئەم کردارە، لە راستیدا کارێکی گەلـێ جوامێرانەیە، تەنانەت ئەم چەشنە کردارە بۆ خاوەنەکەی بە جۆرێک لە جۆرەکانی پەرستش دەژمێررێت و پاداشتی بۆ دەنووسرێت.
سەرەرای ئەمەش، سروشتی مرۆڤ و ئامێرە مەعنەوییەکانی، بە ئاشکرا دەری دەخەن کە مرۆڤ تەنھا بۆ "خواپەرستی" خوڵقێنراوە و بەس، چونکە ئەو کردار و توانستەی کە لە مرۆڤدایە و بتوانێت بۆ ژیانی دنیای تەرخان بکات، ناگاتە ئەندازەی ئەو کردار و توانستەی کە لە بچووکترین و بێدەستەڵاتترین باڵندەی وەک چۆلەکەدا دەبینرێت کە زۆر زیاتر و باشتر لە مرۆڤ لەزەت لە ژیان دەبات! بەڵام سەبارەت بە ژیانی مەعنەویی دوارۆژەوە و ئەو شتانەی کە خوا پێی بەخشیوە، وەک: زانست و، ھەژاری لە بەردەم دەستەڵاتی خوایگەورەدا و، نزا و پارانەوە و، پەرستش.. مرۆڤ = لەمانەدا = پادشا و سەرکردەی ھەموو زیندەوەرانە!