جارێکیان دوو کەس بەرەو گەشتێکی وا کە باسمان کرد کەوتنە ڕێ. یەکێکیان مرۆڤێکی لەخۆبوردە بوو، بەڵام ئەوی دیکەیان سەرکەش و لەخۆبایی بوو.
یەکەمیان پەنای بردە بەر سەرۆک ھۆزێک. بەڵام دووھەمیان ئەمەی نەکرد و گوێی پێ نەدا. ئیتر ھەر یەکەیان بە لایەکدا ڕۆشتن.
یەکەمیان کە دەگەیشتە ھەر جێیەک و دانیشتوانی ئەو ناوچەیە کە دەیانزانی سەر بەو ھۆزەیە، ڕێزێکی زۆری لێ دەگیرا و بۆ خۆی دەحەسایەوە، خۆ ئەگەر یەکێکی چەتە و ڕێگری پێ بگەیشتایە، ئەوا دەستەڵات و ھێزی ئەو خێڵە دەبوو بەھۆی ئەوەی دەست نەخرێتە ڕێی. بەم شێوەیە و بەوپەڕی ئازادی و نەترسانەوە گەشتی خۆی تەواو کرد و کارەکانی بەجێھێنا.
بەڵام کابرای سەرکەش و یاخی، ئەوەندە ناخۆشیی تووش بوو کە لە باسکردن نایەت. بە درێژایی گەشتەکەی لە ترس و بیم و خەفەت و سواڵکردندا بوو. بەو جۆرە، خۆی زەلیل و ڕسوا کرد.
ئەی نەفسی سەرکەشی یاخیبووم!
چاک بزانە کە تۆ ئەو ڕێبوارەیت..
ئەو بیابانە پڕ لە مەترسییەش ئەم دنیایەیە..
ھەروەھا باش بزانە کە "ھەژاری" و "بێدەستەڵاتی"ی تۆ سنووریان نییە و دوژمنەکانت تابڵێی زۆرن و پێویستییەکانی ژیانیشت لەبننایەن.