وتەکان | وتەی یەكەم | 6
(2-8)

بەڵێ، کاتێ کە درەخت لق و پەلەکانی لەناو ھەوادا بڵا‏و دەکاتەوە و بەروبوومەکانیان لەسەر ھەڵدەگرێت.. کاتێ جێی لق و پەلی ڕەگەکانی لەناو بەردی ڕەق و تەق‏دا دەکاتەوە تاکو ئەو ڕەگانە خۆراکی پڕسوود لەناو چینەکانی زەوی‏دا کۆبکەنەوە.. کاتێ گەڵا‏ی تەڕی درەخت دەتوانێت بەرامبەر گڕەی گەرما خۆی ڕابگرێت و بمێنێتەوە.. ھەموو ئەمانە و جۆرەھای تری وەک ئەمانەش، زللەیەکی توند و تیژن بەسەر دەم و پلی ماددی‏یە ھۆپەرستەکان و ھاوارێکی گەورەیە لە دژیان و پەنجە بە چاویان‏دا دەکات و دەڵێت: ڕەقیی ئەو بەردانە و گڕەی بەھێزی ئەو گەرمایە بە سەربەخۆیی و ئارەزووی خۆیان کار ناکەن، بەڵکو ھەموویان فەرمانی خوایەکی تەنیای دانا و زانا جێ‌بەجێ دەکەن، بە شێوەیەک ڕەگە وردە ئاوریشمی‏یەکان وەک: "عەسای مووسا" بەردە ڕەقەکان لەت دەکەن و فەرمانی: (فَقُلْنا اضْربْ بعصاكَ الْحَجَرَ) (البقرە:60) جێ‌بەجێ دەکەن.. ھەروەھا گەڵا‏ی تەڕی درەختەکانیش وەکو ئەندامەکانی ئیبراھیم پێغەمبەر = دروودی خوای لەسەر بێت = ئایەتی: (يا نارُ كُونـي بَرْداً وسَلاماً) (الانبياء:69) دەخوێنن!

جا لەبەر ئەوەی کە ھەموو شتێک لە بوونەوەردا بە زمانی حاڵ دەڵێت: "بسم الله" و، ئەمەشی بۆ دەبێت بەھۆی دەست‏کەوتنی جۆرەھا نیعمەت و پێشکەش‏کردنی بە بوونەوەرانی تر، ئەوا دەبێ ئێمەش ھەموو کارێکمان "بە ناوی خوا"وە بێت: بەخشینمان "بە ناوی خوا"وە بێت.. وەرگرتنمان "بە ناوی خوا"وە بێت.. ھەروەھا "بە ناوی خوا"وە دەستی لەخوا بێ ئاگایان بگێڕینە دواوە و لێیان وەرنەگرین کاتێ کە "بە ناوی خوا"وە شتان نابەخشن!

دەنگ نییە