وتەکان | وتەی یەكەم | 4
(2-8)

کەواتە پەنا بەرە بۆ خاوەنی ڕاستەقینە و کاربەدەستی ھەتاھەتایی ئەم دەشت و بیابانە، بۆ ئەوەی دوور بیت لە سەرشۆڕی و پاڕانەوە بەرامبەر بوونەوەران و ترست لە ھیچ ڕووداوێکی سامناک نەبێت لە ڕێگات‏دا.

بەڵێ، وتەی: "بسم الله" گەنجینەیەکی گەورەی وایە کە "ھەژاری" و "بێ‌دەستەڵا‏تی"ی مرۆڤ بە میھرەبانی‏یەکی گەورە و دەستەڵا‏تێکی ھێندە نەبڕاوە و بێکۆتایییەوە پەیوەست دەکات کە جڵەوی بوونەوەرانی ھەر لە گەردیلەکانەوە تا گەلەستێرەکان لە دەست‏دایە. بە شێوەیەک کە ئەو "ھەژاری" و "بێدەستەڵا‏تی"یەی مرۆڤ دەگەیەنێتە پلەیەک کە دەبن بە تکاکار و، نزا و پاڕانەوەیان لە دەرگانەی خواوەندی بە دەستەڵا‏ت و میھرەبان و شکۆمەنددا گیرا دەکات.

بەڵێ، ھەر کەسێ ھەڵس‏وکەوت و کاروباری شەو وڕۆژی "بە ناوی خوا"وە ببات بەڕێوە، وەکو سەربازێک وایە کە ھەموو کاروبار و ھەڵس‏وکەوتێکی بە ناوی یاسا و دەوڵەتەوە ئەنجام بدات و بەو ھۆیەوە بەرەوڕووی ھەموو مەترسی‏یەک ڕابووەستێت، چونکە بەناوی یاسا و دەوڵەتەوە دەدوێت و کارەکانی ئەنجام دەدات.

لە سەرەتاوە وتمان: ھەموو بوونەوەران بە زمانی حاڵیان دەڵێن: "بسم الله". ئایا ڕاستە وایە؟

بەڵێ، گومانی تێدا نی‏یە ئەگەر تۆ کەسێکت بینی خەڵکی ئەدایەبەر و دەیبردن بۆ مەیدانێک و ھەندێ کاروباری جۆراوجۆری پێ جێ‏بەجێ دەکردن، یەکسەر بۆت ڕوون دەبێتەوە کە ئەو کەسە بە ناوی خۆیەوە ئەم کارانە ناکات و توانای زۆرکردنی لەو ھەموو خەڵکە نی‏یە، بەڵکو سەرباز و فەرمانبەرێکی دەوڵەتە و بەھۆی ھێز و دەستەڵا‏تی دەوڵەت و بە ناوی یاساوە ئەو کارانە جێ‌بەجێ‏ دەکات و پشت بە پادشا و فەرمانڕەوایەک دەبەستێت.

دەنگ نییە