وتەکان | وتەی سێ‏هەم | 14
(13-18)

پاش ئەوەی ئەم دوو سەربازە گوێیان لە وتەی ئەو ڕابەرە شارەزایە ڕاگرت، بەختەوەرەکەیان ڕێی ڕاستی ھەڵبژارد. بەم چەشنە کۆڵێکی قورسی بە کێشی یەک باتمان خستە ئەستۆی خۆیەوە، بەڵام "دڵ" و "ڕۆح"ی لە منەت و ترس و ئازارێکی ئەوتۆ ڕزگاریان بوو کە بە ھەزاران جاریش لەو کۆڵە قورستر بوو (گەر ئەو ڕێگایەی نەگرتایەتە بەر)..

کەچی بەدبەختەکەیان لەبەر ئەوەی حەزی لە پەیڕەوی‏کردنی یاسا نەبوو، دەستی لە سەربازی ھەڵگرت و ڕێگای چەپی ھەڵبژارد. خۆ ھەرچەندەش بە ڕواڵەت لە ھەڵگرتنی ئەو کۆڵە قورسە ڕزگاری بوو بوو، بەڵام "دڵ و دەروون"ی کەوتبوونە ژێر منەت و ئازارێکی ئەوەندە قورسەوە کە بە ھەزاران جار لە ھەڵگرتنی ئەو کۆڵە قورس‏تر بوو.. "ڕۆح"یشی ھەردەم لە ترس و بیم‏دا دەیناڵا‏ند و، ھەر کەسێکی لە ڕێگادا دەبینی دەستی لێ پان دەکردەوە و، لە گشت ھەڵوێست و ڕووداوێکی ڕێگادا ترسی لێ‏دەنیشت! ھەر بەم جۆرە، ڕێی بڕی تا گەیشتە جێی مەبەست و، لەوێ بە سزای یاخی بوون و ھەڵھاتنی خۆی گەیشت.

ئەوی تریشیان کە ڕێی ڕاستی گرتە بەر و پەیڕەوی ڕێبازی سەربازیی کرد و چەک و کەرەسەی خۆی پاراست، بە دڵێکی پڕ لە ئارامی و دەروونێکی پڕ لە ھێمنی‏یەوە ڕێگای بڕی تا گەیشتە جێگای مەبەست، بێ ئەوەی ئاوڕ لە کەس بداتەوە و منەتی کەس ھەڵبگرێت، یاخود لە ھیچ کەسێک بترسێت. ئیتر لەوێ پاداشت و خەڵا‏تی شایانی خۆی وەرگرت.

* * *

دەنگ نییە