وتەکان | وتەی سێ‏هەم | 15
(13-18)

ئەی نەفسی سەرکەشم!

بزانە ئەو دوو ڕێبوارە: یەکەمیان ملکەچ و فەرمانبەردارانی یاسای خواوەندن، مەبەست لەوی تریشیان ئەوانەن کە یاخی بوون و، شوێنی نەفس و ئارەزووی دەروونی خۆیان کەوتوون.

ئەو ڕێگایەش: ڕێی ژیانە کە لە "جیھانی ڕۆح"ەوە دەست پێ‏دەکات و لە گۆڕەوە تێپەڕ دەبێت و لە جیھانی ئەودنیا کۆتایی پێ دێت.

ئەو چەک و ھەگبە و تفاقەش بریتین لە: تەقوا و پەرستش، چونکە پەرستش ھەرچەند لە ڕواڵەت‏دا ئەرکێکی قورس و گران بێت، بەڵام لە ڕاستی‏دا ئاسانی و حەسانەوەیەکی ئەوتۆی تێدایە کە لە باس‏کردن نایەت، چونکە مرۆڤی خواپەرست لە نوێژەکەی‏دا "یەکتایی" خوا دەردەبڕێت و دەڵێت: "أشھد أن لا إلھ إلاّ الله".. واتە: ھیچ بەدیھێنەر و ڕۆزیدەر(رزاق)ێک نی‏یە جگە لە خوا و، ھەموو سوود و زیانێکیش بە دەستی ئەوە. خوایەکە دانا و حەکیمە و ھیچ شتێک بێ واتا و مەبەست ناکات، بەخشندە و بەسۆزە و، چاکە و میھرەبانی‏یەکانیشی تابڵێی گەورە و زۆرن..

مرۆڤی باوەڕدار لە ھەموو شتێک‏دا دەرگانەی گەنجینەی میھرەبانی و بەخشندەیی خوا دەبینێت و، دەزانێت کە ھەرچی شت ھەیە لە ژێر دەستەڵا‏تی خوای پەروەردگاردایە. لەبەر ئەوە، ھەردەم بە نزا و پاڕانەوە لە دەرگانەی ئەو گەنجینانە دەدات و، لەبەردەم ھەموو گیروگرفتێکی دنیاش‏دا دەڕواتە ناو سەنگەری تەوەککولەوە و پشت بە پەروەردگاری خۆی دەبەستێت.

بەم چەشنە، مرۆڤی باوەڕدار لە ڕێگای "ئیمان"ەوە ئاسایشێکی تەواوی دەستگیر دەبێت.

دەنگ نییە