وتەکان | وتەی سێ‏هەم | 16
(13-18)

بەڵێ، ئازایەتی و نەترسان، وەک ھەموو کردەوەیەکی تری چاک، تەنھا لە سەرچاوەی ئیمان و پەرستشەوە سەرچاوە دەگرن. ترس و بیم و ھەر کردەوەیەکی تری خراپیش تەنھا لە گومڕایی و کوفرەوە پەیدا دەبن.

خۆ ئەگەر گۆی زەوی بۆمبایەک بێت و بتەقێتەوە، لەوانەیە مرۆڤی خواپەرستی دڵڕووناک نەترسێنێت و، بە موعجیزەیەکی دەستەڵا‏تی پەروەردگاری بزانێت و بە ڕێز و سەرسووڕمان و چێژەوە لـێی ورد ببێتەوە. بەڵام فەیلەسووفێکی دوور لە خوا = کە دڵی لە ئاستی ئیمان‏دا مردبێت = با لەناو خەڵکی‏دا بە ڕۆشنبیریش ناسراو بێت، لەوانەیە گەر ئەستێرەیەکی کلکدار(مُذَنَّب) لە ئاسمان‏دا ببینێت ئەم لەسەر زەوییەوە سامی لێ بنیشێت‏و بڵـێت:

(ئایا بڵـێی ئەم ئەستێرەیە خۆی بە زەوی‏دا بکێشێت)؟

شەوێک دانیشتووانی ئەمریکا کلکدار(مذنب)ێکیان لە ئاسمان‏دا بینی، لە تاوا سامیان لێ نیشت و، ھەندێکیشیان ھەر بەو شەوە خانووەکانیان چۆڵ کرد!

بەڵێ، گومان لەوەدا نی‏یە کە "پێویستییەکان"ی مرۆڤ لە ڕادەبەدەرن، کەچی "سەرمایەکەی دەستی" ئەوەندە کەمە لە حوکمی "نەبوو"دایە.. ھەروەھا ئەو "بەڵا‏ و ناخۆشی"یانەی لە ژیان‏دا دێنە ڕێی یەکجار زۆرن، کەچی "توانا و دەستەڵا‏ت"ی ھێندە لاوازە وەک "نەبوو" وایە. واتە: مەودای بازنەی سەرمایە و دەستەڵا‏تی مرۆڤ ھەر ئەوەندەیە کە دەستی پێی دەگات، بەڵام بازنەی ھیوا و ئاوات و، بازنەی بەڵا‏ و ئازارەکانی لەو مەودایەن کە چاوی بڕ دەکات و خەیاڵی بۆی دەچێت!

دەنگ نییە