وتەکان | وتەی سێ‏هەم | 17
(13-18)

لەم بەراوردەوە بۆمان دەردەکەوێت: "ڕۆح"ی مرۆڤ، کە تا ئەم ڕادەیە لاواز و بێ‏ دەستەڵا‏ت و ھەژارە، چەندە پێویستی بە ڕاستی‏یەکانی ئیمان ھەیە، وەک: پەرستش و تەوحید‏و ملکەچ‏کردن بۆ فەرمانەکانی خوا و پشت‏بەستن بەو. ھەروەھا بۆمان دەردەکەوێ کە ھەرکات ئەم ڕێگایە دەگرێتەبەر چ بەختیاری و نیعمەت و قازانجێکی زۆر و گەورەی دەستگیر دەبێت، بۆ کەسێک کە بینایی دڵی لە دەست نەدابێت و ھەستیان پێ‏بکات.

وەک ئاشکرایە ھەر ڕێگایەک بێ‏زیان بێت، با ڕێژەی قازانجیشی یەک لە دە بێت، لە ھەر ڕێگایەکی زیان‏بەخش باشترە. خۆ ئەم ڕێگایەی لەم مەسەلەیەدا مەبەستمانە ڕێی بەندایەتی و پەرستنی خوایە، کە سەرەڕای ئەوەی ھیچ زیانێکی نی‏یە و ڕێژەی قازانجیشی "نۆ لە دە"یە، لە ھەمان کاتیش‏دا گەنجینەی کامەرانیی ھەمیشەییمان پێ دەبەخشێت.

بەڵام ڕێی خراپەکاری، سەرەڕای ئەوەی بێ‏سوودە = ھەروەک ڕێڕەوانی دان بەم ڕاستی‏یەدا دەنێن = ھۆیشە بۆ چارەڕەشی و لەناوچوونی ھەمیشەیی. جگە لەوەی کە ھیچ گومانێک لە زەرەر و زیانی‏دا نی‏یە کە ڕێژەی دەگاتە "نۆ لە دە".. ئەمەش بە شایەتیی ژمارەیەکی زۆر لە چەسپێنەران و پسپۆڕانی ئەم مەیدانە کە بە "تەواتور" و یەکدەنگی(إجماع) شایەتییان لەسەر داوە و لە ڕوانگەی ھەواڵی "ئەھلی کەشف"یشەوە دڵنیایی‏یەکی بێ‏گومانە.

دەنگ نییە