وتەی حەوتەم
کلیلی مەتەڵی ئەم بوونەوەرانە:
(آمَنْتُ باِللهِ وباليَوْمِ الآخِر)
ئەگەر حەز دەکەیت تێبگەیت لەوەی کە (باوەڕبوون بە خوا و ڕۆژیی دوایی) ھەموو مەتەڵە گرنگەکانی بوونەوەر شی دەکەنەوە و، گشت دەرگاکانی کامەرانی بۆ "ڕۆح"ی مرۆڤ دەخەنە سەرپشت و، ھەموو گیروگرفتێکیش بەوپەڕی ئاسانی حەل دەکەن و لای دەبەن..
ھەروەھا ئەگەر حەز دەکەیت تێبگەیت لەوەی کە: "پشتبەستن" بە خواوەندی بەدیھێنەر و پەنابردن بۆ ئەو خواوەندە لە ڕێگای سەبر و ئارامگرتنەوە و، نزا و پاڕانەوەش لە دەرگای ڕۆزیدەردا بەھۆی شوکر و ستایشەوە، دوو چارەسەریی پڕ سوود و شیفابەخشن بۆ دەرد و زامەکانی مرۆڤ..
ھەروەھا ئەگەر حەزدەکەیت تێبگەیت لەوەی کە گوێڕاگرتن بۆ قورئانی پیرۆز و گوێڕایەڵی بۆ فەرمانەکانی و بەجێھێنانی فەرزەکان و خۆپاراستن لە گوناھی گەورە، بەنرخترین توێشووی ڕێی ئاخیرەت و ڕووناکیی ناو گۆڕ و ئاسانترین و بەھادارترینی بلیتی سەفەرن لە گەشتی ھەتاھەتاییدا..
بەڵێ، ئەگەر حەزت لە تێگەیشتنی ھەموو ئەم شتانە ھەیە، ئەوا گوێ لەم کورتە چیرۆکە ڕابگرە: