ڕۆژێکیان سەربازێک لە گۆڕەپانی جەنگ و تاقیکردنەوەدا و لەو دەمەدا کە یەکێ سوودی دەست دەکەوت و یەکێک زیان، کەوتە ناو گیروگرفتێکی گەورە و سەرسووڕھێنەرەوە، چونکە لە ھەردوو لای ڕاست و چەپیەوە پێکرا و دوو زامی قوڵیان تێدا دروست بوو. ھەر لەم کاتەشدا شێرێک لە پشتیەوە لە کەمیندا بوو وەخت بوو ھێرش بباتە سەری و تێکیبشکێنێت! لە پێشیشیەوە چەندین سێدارەی لە بەردەمدا بوو کە دوای ئەوەی ھەموو خۆشەویستەکانی پێدا ھەڵواسرابوون ئەمیش چاوەڕوانی ھەمان چارەنووسی دەکرد.. سەرەڕای ئەم بارە سامناک و دڵتەزێنانەش، گەشتێکی نەفیکردن و دوورخستنەوەی دوور و درێژ و پڕ لە گیروگرفت و دەردیسەریی لە ڕێگادا بوو..
لەم کاتەدا کە ئەم بێچارەیە لە بیرکردنەوەی ئەم ھەموو خەم و پەژارە و نائومێدییانەدا دەتلایەوە. لە ناکاودا پیاوێکی نوورانیی خێرەومەندی وەک حەزرەتیخدر(خچر)ی = سڵاوی خوای لـێ بێت = لە لای ڕاستی خۆیەوە بەدیکرد. ئەم پیاوە نوورانییە پێیوت:
(دڵتەنگ و نائومێد مەبە، وا من دوو تەلیسمت فێر دەکەم، ئەگەر بە باشی بەکاریان بھێنیت ئەوا ئەو شێرەی کە ئێستا لە کەمیندایە، بۆت دەبێت بە ئەسپێکی ئامادەکراو کە بۆ ھەر لایەک بتەوێت دەتبات. ئەو سێدارانەش سەبارەت بە تۆ دەبن بە جۆلانەی کەیف و شادی. سەرەڕای ئەمانەش دوو دەرمانت دەدەمێ، کە ئەگەر بە ڕێکوپێکی بەکاریان بھێنیت، برینەکانت چاک دەبنەوە و دەبن بە دوو گوڵی دڵڕفێنی ئەوتۆ کە خۆشترین بۆنیان لـێ بڵاو ببێتەوە. ھەروەھا بلیتێکی سەفەریشت دەدەمێ کە بتوانیت بەھۆیەوە وەک مەل بفڕیت و ڕێی ساڵێکی ڕەبەقی لە ماوەی یەک ڕۆژدا پێ ببڕیت!
خۆ ئەگەر باوەڕیشم پێ ناکەیت، ئەوا ھیچ نەبێت جارێک وتەکانم تاقی بکەرەوە، تاکو لە ڕاستیی ئەم قسانەم دڵنیا ببیت).