وتەکان | وتەی ھەشتەم | 52
(51-66)

پاش بیستنی ئەم وتە جوانانە، ڕەوشت باشەکەیان، کە پڕ بە دڵ‌ حەزی لە پەیڕەوی‏کردنی یاسا و ڕێسا و ڕێک‏وپێکی بوو، ڕێگای ڕاستی گرتەبەر و، وتی: "تَوَکَّلتُ عَلی الله" و، کەوتەڕێ‌.. بەڵا‏م بێ‌‏چارە بەدڕەوشتەکەیان، ڕێگای چەپی بە باشتر زانی، لەبەر ئارەزووی بەرەڵا‏یی و سەربەستی کە لەو ڕێگایەدا ھەبوو..

دەبا ئێمەش بە ئەندێشە و خەیاڵ‌ شوێن‏پێی ئەم پیاوەیان ھەڵبگرین کە ڕێگایەکی بە ڕواڵەت سووک و ئاسانی گرتەبەر، ئەو ڕێگایەی کە لە ڕاستی‏دا تابڵـێی زەحـمەت و دەردی‏سەری و ماندووبوونی لە دووتوێ‌‏دایە، تاکو بزانین چیی بەسەر دێت.

ئەم پیاوە، پاش ئەوەی شیو و دۆڵە قووڵ‌ و بەرزایی‏یە سەختەکانی ڕێگای بڕی، گەیشتە دەشت و بیابانێکی سامناک. لە ناکاودا دەنگێکی ترسناکی بیست، کە ئاوڕێکی لـێ‌‏ دایەوە شێرێکی دڕی گەورەی بینی کە لەناو دارستانێکی چڕەوە بەرەو ڕووی دەھات! یەکسەر بە ترس و لەرزەوە لەبەری ھەڵھات، تا گەیشتە لێواری بیرێکی وشک کە بە ئەندازەی شەست گەز قووڵ‌ بوو. لە ناچاری‏دا خۆی ھاویشتە ناو بیرەکەوە بۆ ئەوەی لە دەست ئەو شێرە ڕزگاری ببێت. لە کاتی بازدان و پێش ئەوەی بگاتە بنکی بیرەکە دەستی لە درەختێک گیربوو کە بە دوو لق ڕەگەوە لە دیواری بیرەکەدا ڕوابوو، یەکسەر خۆی پێوە ڕاگیر کرد. ھەر ھێندەی کە بە درەختەکەوە گیرسایەوە و دەوروبەری خۆی بە باشی بینی، سەیری کرد دوو مشک، یەکێکیان ڕەش و ئەوی‏ تریان سپی، بەردەوام بە دانە تیژەکانیان و لەسەرخۆ خەریکی قرتاندنی ئەو دوو ڕەگەی درەختەکە بوون!

دەنگ نییە