وتەکان | وتەی ھەشتەم | 55
(51-66)

بەم چەشنە، کەوتە ناو ئاگری سزا و ئازارەوە، نە ئەوە بوو بمرێت و لەو ئازار و سزایە ڕزگاری ببێت، نە دەیشی‏توانی ژیانی بە شادمانی بەسەر بەرێت!

وا ئێمەش لە لایەنی خۆمانەوە ئەو نەگبەتە بەجێ‌ دەھێڵین، با لە سزا و ئازاری خۆی‏دا بتلێتەوە و، بە ڕێگای خۆمان‏دا دەگەڕێینەوە تاکو بزانین براکەی چیی بەسەر ھات؟

ئەم پیاوە پیرۆز و ھۆشمەندە بێ‌‏ وچان ڕێی دەبڕی، بێ‌‏ ئەوەی وەک براکەی تووشی ئەشکەنجە و ئازار ببێت. ئەمیان لەبەر ڕەوشت جوانیی خۆی، تەنھا بیری لە شتی جوان دەکردەوە و خەیاڵ‌ و ئەندێشەی تەنھا بۆ لای شتی جوان دەڕۆیشت. لەبەر ئەوە، ھەمیشە شادمان و دڵخۆش بوو. ئنجا وەک براکەشی تەگەرە و ناخۆشیی ئەوتۆی نەدەھاتە ڕێ‌، چونکە لە یاسا و ڕێسا شارەزا و ئاگادار بوو ھەروەک ھەموو شتێکیشی بە گوێرەی پەیڕەوی‏کردنی یاسا بەڕێوە دەبرد، ئیتر ھەموو کاروبارێکی بە ئاسانی دەھات بە دەستەوە و، بە سەربەستی ڕێگای خۆی ‏دەبڕی و ھێمنی و ئارامی ھەموو سووچێکی دڵی پڕ کردبوو..

بەم جۆرە، لە ڕۆشتن‏دا بەردەوام بوو ھەتا گەیشتە باخچە و بێستانێک کە بە میوە و گوڵ‌ ڕازابووەوە، لەم لا و ئەو لای باخچەکەش‏دا، بەھۆی بایەخ نەدان بە پاکی و خاوێنیی ئەو باخچەیە، ھەندێ‌ لاکی زیندەوەران و شتی بۆگەن و ڕزیو پەرش و بڵا‏و بووبوون..

دەنگ نییە