وتەکان | وتەی ھەشتەم | 58
(51-66)

لەم بیرکردنەوە جوانەدا شەوق و تاسەیەکی تێدا پەیدا بوو کە ئەم پرسیارەی ھێنایە کایەوە:

= ئایا دەبێ‌ ئەو کەسە کێ‌‏ بێت کە بەم جۆرە تاقیم دەکاتەوە و دەیەوێت خۆیم پێ‌ بناسێنێت و لەم ڕێبازە سەیرەوە بەرەو ئەنجامێکی دیاری‏کراو دەمبات؟!

خۆشەویستیی خاوەنی تەلیسمەکە لە حەزکردنی ناسینیەوە دروست بوو.. لەو خۆشەویستی‏یەشەوە حەزی شیکردنەوەی ئەو تەلیسمە گەشەی کرد.. لەم حەزەیشەوە ئارەزووی وەرگرتنی بارێکی شیاوی گونجاو بەرامبەر خاوەنی ئەو تەلیسمە و بۆ دەستکەوتنی ڕەزامەندیی ئەو، لە دەروونی‏دا پەیدا بوو..

پاشان سەری ھەڵبڕی و سەیرێکی درەختەکەی کرد، بینیی ئەم درەختە بە ڕواڵەت دار ھەنجیرە، کەچی ھەزاران جۆر میوەی ڕەنگاوڕەنگی گرتووە! ھەر کە ئەمەی بینی یەکسەر ترسەکەی بە تەواوی ڕەوی‏یەوە. چونکە بۆی ڕوون بووەوە کە ئەم دارھەنجیرە لیستە و پێڕست و پیشانگایەکە فەرمانڕەوای نادیار، بەو شێوە سەیرە, نموونەی پێکھاتووەکانی ڕەز‏و باخچەکانی خۆی لێرەدا داناوە و ئەم درەختەی پێ‌ ڕازاندووەتەوە بۆ پیشاندان و دەرخستنی ئەو لەزەت و خۆشییانەی کە لە باخچەکانی‏دا بۆ میوانەکانی خۆی ئامادەی کردوون. دەنا تەنھا درەختێک ھەرگیز بەروبوومی ھەزاران درەخت ناگرێتە خۆ..

ئیتر ئەم مرۆڤە کە گەیشتە ئەم ئەنجامە، ھیچی بۆ نەمایەوە لە نزا و پاڕانەوە زیاتر، بۆیە بە سەرکزی و ملکەچییەوە ئەوەندە پاڕایەوە تا گەیشتە کلیلی تەلیسمەکە و ھاواری کرد:

= "ئەی فەرمانڕەوای ئەم ھەرد و دەشت و بیابانە! وا پەنام بۆ ھێنایت و لێت دەپاڕێمەوە، من خزمەتگوزارێکی تۆم و، تەنھا ڕەزامەندیی تۆم دەوێت، داوات دەکەم و لە دووت دەگەڕێم".

دەنگ نییە