وتەکان | وتەی ھەشتەم | 57
(51-66)

بەمە دڵنیایی ڕووی تێ‌‏کرد. بەڵا‏م لەگەڵ‌ ئەوەش‏دا لە دەست شێرەکە ھەڵھات و ڕای‏کرد، تا گەیشتە لێواری بیرێکی وشک کە شەست گەز قووڵ‌ بوو. ئەمیش، وەک براکەی، لە ترسی شێرەکە خۆی ھاویشتە ناو بیرەکەوە، بەڵا‏م پێش ئەوەی بگاتە بنکی بیرەکە دەستی لە درەختێک گیر بوو، یەکسەر خۆی پێدا ھەڵواسی.سەیری کرد وا دوو زیندەوەر پەیتا پەیتا ھەردوو لقی ڕەگی درەختەکەیان دەقرتاند.. پاشان کە سەیری سەرەوەی کرد، شێرەکەی بینی کە لە دەمی بیرەکەدا ڕاوەستابوو.. ئنجا سەیری خوارەوەی کرد ھەژدیھایەکی لە بنکی بیرەکەدا بینی.. کە سەیری خۆی‏کرد بینیی لە بارێکی سەیر و سەرسووڕھێن‏دایە و، گەلـێ‌ حەپەسا، بەڵا‏م بە سەدان جار لە حەپەسانی براکەی کەمتر، چونکە ڕەوشتە جوانەکانی بیرکردنەوەی جوانیان پێ‌ بەخشیبوو، کە ئەمەش لایەنە جوانەکانی ھەموو شتێکی پیشان دەدا..

لەبەر ئەمە، بیری کردەوە کە ئەم شتە سەرسووڕھێنەرانە پەیوەندییان لەگەڵ‌ یەکتردا ھەیە و، وا دەردەکەوێت کە یەکێک ھەیە بیان‏بزوێنێت و، دەبێ‌ ئەم کاروبارە سەرسووڕھێنەرانە نھێنی‏یەکی شاراوە و تەلیسمێکی داخراویان تێدا بێت:

= (بەڵێ‌، ھەموو ئەم شتانە دەگەڕێنەوە بۆ فەرمانی فەرمانڕەوایەکی نادیار، کەواتە من لێرەدا تەنیا و ئاوارە نیم، بەڵکو ئەو فەرمانڕەوا نادیارە دەمبینێت و پارێزگاریم دەکات و، بۆ ئەنجام و مەبەستێکی تایبەتی تاقیم دەکاتەوە و، بۆ کوێ‌ بیەوێت دەمبات)!

دەنگ نییە