وتەکان | وتەی ھەشتەم | 60
(51-66)

ئەو نەگبەتە، خۆی وەک بەندکراوێک بینی‏ و، وای‏ دەزانی بەوە حوکم دراوە کە مێرووەکان پەلاماری بدەن.. لە کاتێک‏دا ئەم کامەرانە، لەبەر ئەوەی میوانی کەسێکی تابڵـێی سەخاوەتمەند و دەست‏بڵا‏وە، وەک میوانێکی بەڕێز و ئازیز کات بەسەر دەبات و لەگەڵ‌ خزمەت‏گوزارەکانی‏دا دەژی و تەمەنی خۆش و بەپیت دەگوزەرێنێ‌ و دڵی پێیان دەکرێتەوە..

ئەو بەدبەختە بە ویستی خۆی و بەھۆی خواردنی ئەو خواردەمەنییانەی کە لە ڕواڵەت‏دا بەلەزەت و لە ناوەرۆک‏دا ژەھراوی بوون، بەرەو سزا ھەنگاو دەنێت، چونکە ئەو میوە و خواردەمەنییانە وەک "نموونە" دانراون و تەنھا ڕێی ئەوە دراوە کە لێیان بچێژرێ‌، تاکو ئەو کەسەی لێیان دەچێژێت ببێتە داواکاری سەرچاوە و کانگا ڕەسەنەکانیان و بیان‏دۆزێتەوە. دەنا ڕێ‌ بەوە نەدراوە کە چەشنی ئاژەڵ‌ بە چڵـێسی ھەڵمەتیان بۆ ببات و بێ‌ سێ‌‏ودوو کردن‏‏و لـێکدانەوە دەست بە خواردن و ھەڵلووشینیان بکات.. بەڵا‏م ئەم مرۆڤە شادمانە، لەبەر ئەوەی لە ڕاستیی ڕووداوەکە گەیشتووە، ئەوا کەمیان لـێ‌‏ دەچێژێت و، خواردنیان بۆ کاتی خۆی دوا دەخات و، تام و لەزەت لەو چاوەڕوانی‏یەدا دەبینێت.

پاشان ئەو بەدبەختە، لەبەر ئەوەی چاوی بەسیرەتی‏ کوێرایی داھاتبوو، ئەو ڕاستی و شتە سەیر و جوانانەی نەدەبینی کە وەک خۆر ئاشکران و، بە دەستی خۆی ستەمی لە خۆی کرد و خۆی ھاویشتە بارێکی ناھەموار و ئەندێشەیەکی تاریکی دۆزەخ ئاساوە، نە ئەوەیە شایانی بەزەیی بێت و، نە ئەوەشە کە مافی گلەیی ببێت! وەک ئەوەی پیاوێک لەناو دۆست و خۆشەویستانی خۆی لە وەرزی ھاوین و لەناو باخچەیەکی خەمڵا‏ودا و لە گەرمەی ئاھەنگی خۆشی و شادی‏دا، بە ھیچ کام لەمانە قایل نەبووبێت و، پێک لە دوای پێک دەستی بە خواردنەوەی مەی کردبێ‌، تا مەست بووبێت، ئنجا دەستی بە ھاوار و ناڵە و گریان کردبێت، وا بزانێت بە ڕووت و قووتی و برسێتی لە چلەی زستاندایە و کەوتووەتە ناو چەندین جڕ و جانەوەری دڕندەوە! جا ھەروەک ئەو کەسە شایانی سۆز و بەزەیی نی‏یە، ئەم نەگبەتەی چیرۆکەکەشمان بە ھەمان جۆرە، چونکە بێ‌ ئەوەی کەس زۆری لـێ‌‏کردبێت، ئەم بە ویستی خۆی ستەم لە خۆی دەکات و ھاوڕێ‌یانی خۆی لە بەرچاو دەکەوێت و بە جڕ و جانەوەر و دڕندەیان لە قەڵەم دەدات!

دەنگ نییە