وتەکان | وتەی ھەشتەم | 59
(51-66)

پاش ئەم پاڕانەوەیە، یەکسەر دیواری بیرەکە لە شێوەی دەرگایەک‏دا لەسەر سەوزایی و باخچەیەکی فراوانی جوان و بێ‌‏گەرد کرایەوە. دوور نی‏یە ھەر دەمی ھەژدیھاکە بووبێت بە دەرگا و لـێی خرابێتە سەرپشت..

شێر و ھەژدیھاکەش وەک دوو خزمەت‏گوزاریان لـێ‌‏ ھات و خوڵکیان دەکرد بۆ ناو باخچەکە، تەنانەت شێرەکە لەبەر دەستی‏دا شێوەی ئەسپێکی ئامادە و زین‏کراوی لەخۆ گرت.

ئەی نەفسی تەمبەڵم!

ئەی ئەو کەسەی کە لەم گەشتە ئەندێشەیی‏یەدا ھاوڕێم بووە!

وەرن با پێکەوە بەراوردێکی حاڵی ئەم دوو برایە بکەین و بزانین چۆن کردەوەی چاک چاکەی لە دوایە و، ھی خراپیش ھەر ئەنجامی خراپی دەبێت:

سەیر بکەن! ئەو برا بەدبەختەی کە بە لای چەپ‏دا ڕۆشت، وا ئێستا ترس و سامی ئەوەی لـێ‌‏ نیشتووە کە ھەر کاتێک‏ بێت = چ ئێستا و چ تاوێکی تر = دەکەوێتە ناو دەمی ھەژدیھاکەوە!.. بەڵا‏م بەختەوەرەکەیان بۆ میوانیی باخچەیەکی ڕازاوە و پڕ لە میوەی ڕەنگین بانگ کراوە..

ھەروەھا ئەو بەدبەختە لە ترس و سام‏دا وەختە دڵی لەت لەت ببێت.. بەڵا‏م ئەم بەختەوەرە شتی سەیر و سەر‏سووڕھێنەر دەبینێت و ھەست بە ترسێکی لەزەت‏بەخش دەکات و، بە چاوی پەند و ئامۆژگاری و ناسینێکی خۆشەویستانەوە بۆیان دەڕوانێت..

ئەو بەدبەختە ھەژارە، ئازاری بێ‌‏کەسی و دڵتەنگی و نائومێدی دەچێژێت.. لە کاتێک‏دا کە ئەم بەختەوەرە لە ناوەندی چێژ و لەزەتی ھیوا و شەوق و تاسە و دڵنیایی‏دا دەژی..

دەنگ نییە