وتەکان | وتەی ھەشتەم | 56
(51-66)

خۆ برا بەدبەختەکەش = پێش ئەم = ڕێی کەوتبووە ناو ئەو جۆرە بێستانانەوە، بەڵا‏م خۆی بە تەماشاکردنی لاکی بۆگەنەوە خەریک کردبوو، تا لە ئەنجام‏دا ھەستی بە گێژبوون و دڵتێکچوون کردبوو، ناچار ئەو بێستانانەی بەجێ‌ھێشتبوو، بێ‌ ‏ئەوەی کەمێک بحەسێتەوە تاکو بتوانێت لە گەشتەکەی‏دا بەردەوام بێت..

بەڵا‏م ئەمیان بەپێی ئەو دەستوورەی کە دەڵێت: (لە ھەموو شتێک‏دا سەیری چاکترین و جوانترینیان بکە) لاکە بۆگەن و شتە ڕزیوەکانی فەرامۆش‏ کرد، تەنانەت ھەر ئاوڕیشی لـێ‌ نەدانەوە و، بۆ خۆی سوودێکی باشی لە میوە و شتە باشەکانی ناو بێستانەکە وەرگرت. پاش ئەوەی کە بە ئارەزووی خۆی حەسایەوە، ھەڵسا و ڕێی گرتەبەر.

ئەمیش، وەک براکەی، ڕێی کەوتە ناو بیابانێکی بەرین و دەشتایی‏یەکی فراوانەوە. ھەروەکو ئەویش، لە ناکاودا دەنگی شێرێکی بیست کە ھەڵمەتی بۆ دەھێنا، ئەمیش، وەک براکەی، ترس و بیم دای‏گرت و سامی لـێ‌‏ نیشت، بەڵا‏م کەمتر لە چاو ترس و سامی براکەی، چونکە بەھۆی بیرکردنەوەی جوان و گومانی پاکی، بە جوانی بیری‏کردەوە و لەبەر خۆیەوە وتی:

= (دیارە ئەم بیابانە فەرمانڕەوایەکی ھەیە. کەواتە دەبێ‌ ئەو شێرە خزمەت‏گوزارێکی گوێ‌‏ڕایەڵی ژێر دەستی ئەو فەرمانڕەوایە بێت).

دەنگ نییە