وتەکان | وتەی شەشەم | 31
(29-39)

* ھەر تەنھا خۆتان بەرپرسیاری بەڕێوەبردن و پاراستنیان دەبن.

* سەرەنجامیش سزای دەست پیسیتان لەم ئەمانەتە دەچێژن!

ئەمەش پێنج زیان لە تەنیا یەک مامەڵەدا.

سەرەڕای ئەمانەش، ئەو کەسەی بە منیان بفرۆشێتەوە دەبێت بە سەربازێکی سەربەست و نەبەرد و تایبەتیی خۆم و، بە ناوی منەوە ڕەفتار و ھەڵس‏وکەوت دەکات، نەک وەکو دیلێکی دەست‏بەسەر و ئاسایی و بێ‏خاوەن)!

لێرەدا دوو پیاوەکە بە وردی گوێیان لەم وتە شیرین و فەرمانە پادشایی‏یە ڕاگرت.

یەکێکیان، کە زۆر زیرەک و ھۆشمەند بوو، وتی:

بەسەر چاو! بە خۆشحاڵی‏یەوە ڕازیم بەم فرۆشتنە و لەگەڵ ھەزار شانازی و سوپاسیش‏دا.

بەڵا‏م ئەوی تریان، کە خۆپەرست و لەخۆبایی و بە فیز و دەمار بوو، وا گومانی دەبرد کە ئەو کێڵگەیە ھەرگیز نافەوتێت و، لە ئاڵوگۆڕی زەمانە و تەپاوتلی ڕۆژگار و شڵەژانی ڕووداوەکانی دنیا بێ‏ئاگا بوو، ئەم یەکەیان وتی:

نەخێر.. پادشا کێ‏یە؟ من موڵکی خۆم نافرۆشم و، ژیان و ڕابواردنیش لە خۆم تێک نادەم!

بەڵێ، چەرخی گەردوون ھەڵسووڕا و ڕۆژگاریش گۆڕانی بەسەردا ھات، تا ئەو ڕادەیەی کە یەکەمیان گەیشتە پلە و پایەیەک خەڵکی خۆزگەیان پێ دەخواست و، لە ناوەندی ناز و نیعمەت و چاکەکاری و کۆشکی پادشادا بە کامەرانی و بەختەوەری دەژیا و گوزەرانی بەسەر دەبرد. کەچی ئەوی تریان دووچاری بارێکی ھێندە دژوار و گرفتاری حاڵێکی ئەوەندە ناھەموار بوو کە ھەموو کەسێک بەزەیی پێدا دەھاتەوە، ھەرچەندەش شایانی ئەو ئاکامە بوو، چونکە ئەنجامی ھەڵە و تاوانی خۆی بوو ھاتبووە ڕێی. ئیتر نە شادمانیی بۆ مایەوە و نە موڵک. سەرباری ھەموو ئەمانە، سزای خۆیشی وەرگرت!

دەنگ نییە