وتەکان | وتەی شەشەم | 32
(29-39)

ئەی نەفسی لەخۆباییم!

لە دووربینی ئەم چیرۆکەوە سەیری ڕووی ڕووناکی "ڕاستی" بکە:

مەبەست لە پادشا: پادشای ئەزەل و ئەبەدە، کە پەروەردگار و بەدیھێنەرتە..

کێڵگە و ئامێرەکانیش: ئەو شتانەن کە لە ژیانی دنیادا ھەن، وەک: لەش و، ڕۆح و، دڵ‏و پێکھێنەرەکانیان لە: چاو و، گوێ و، مێشک و، ئەندێشە. واتە ھەموو ھەستە دیار و نادیارەکان..

نێرراوە بەڕێزەکەش: پێغەمبەری خۆشەویستمان حەزرەتی محمدە =صلی الله علیھ وسلم..

فەرمانە پادشایی‏یە پیرۆزەکەش: قورئانی پیرۆزە، کە ئەو بازرگانی‏یە گەورەیەی باسمان‏کرد، لەم ئایەتەدا ڕادەگەیەنێت: (اِنَّ الله اشترٰى مِنَ المؤمنين أنْفُسَهُم وأمْوالَهُم بأنَّ لهم الجنّة)..

ئەو مەیدانە پڕ لە شڵەژان و جەنگە ڕووخێنەرەش: بارودۆخی دنیایە کە سەقامگیربوونی نی‏یە و ھەردەم لە ئاڵوگۆڕ و تەپاوتلدایە و، ھەر ئەمەشە کە بە جەخت کردنەوە ئەم پرسیارە ئاراستەی بیری مرۆڤ دەکات و ھانی دەدات کە بڵێت:

(ئێمەی ئادەمیزاد ھەرچی‏یەکمان ھەیە وەک خۆی نامێنێت و لەسەر یەک بار جێگیر نابێت و لە ئەنجامیش‏دا لە دەستمان دەردەچێت. ئایا دەبێ ھیچ چارەسەری‏یەک نەبێت بۆ ئەم بارە پەرێشانە؟ ئایا ناگونجێت ئەم لەناوچوون و فەنایە بکرێت بە مانەوە و نەمری)؟

دەنگ نییە