ھەروەھا بۆ نموونە: "چاو" کە یەکێکە لە ھەستەکانی مرۆڤ و پەنجەرەیەکە ڕۆحی مرۆڤ لـێیەوە دەڕوانێتە ئەم جیھانە، ئەگەر لە ڕێی خوادا نەخرێتە کار و پێی نەفرۆشرێتو، لە پێناوی نەفس و ئارەزوودا بەکاربھێنرێت، ئەوا بە بینینی چەند دیمەنێکی جوانی کاتی و بەسەرچوو نزم دەبێتەوە تا وەک دەڵاڵێکی ئاسایی و خزمەتکارێکی لـێ دێت بۆ ورووژاندنی ئارەزووەکانی نەفس. بەڵام ئەگەر فرۆشتت بە بەدیھێنەری خۆی و لە ڕەزامەندیی ئەودا بەکارت ھێنا، ئەوا ھەر ئەم "چاو"ە دەبێت بە خوێنەر و سەیرکەری کتێبی مەزنی گەردوونو، بینەری موعجیزاتی دروستکراوەکانی خوای گەورە لە بوونەوەردا. بەم جۆرە بەرز دەبێتەوە تا دەگاتە پلە و پایەیەکی پیرۆز و، وەک ھەنگێکی لـێ دێت کە لە ناو گوڵزارەکانی میھرەبانیی خواوەند لە باخچەی زەویدا دەگەڕێت و، لە ھەنگوینی: "پەندو، خواناسی(المعرفە) و، خۆشەویستی"ی نووری بینینی خوا و شایەتیدان لەسەر بوونی، ھەڵدەگڵۆفێت و لە ناو "دڵ"ی مرۆڤی باوەڕداردا ڕۆی دەکات!
ھەروەھا ئەگەر ھەستی "چەشتن"ت بە خوای دانا و بەدیھێنەر نەفرۆشیت و، ھەر تەنھا بۆ نەفس و گەدە بەکاری بھێنیت، ئەوا پلەی ئەو ھەستە نزم دەبێتەوە تا دەبێت بە دەرگاوانی کارگە و پشتیری "گەدە"! بەڵام ئەگەر فرۆشتت بە خوای گەورەی ڕۆزیدەر و بەخشندە، ئەوا ئەم ھەستە پلەی ھێندە بەرز دەبێتەوە تا دەبێت بە بینەرێکی کارامەی گەنجینەکانی میھرەبانیی خواوەند و، وای لـێ دێت کە بە شوێن نیعمەتەکانی خواوەندی بەتوانا و دەستەڵاتدا بگەڕێت ھەتا شوکرانەبژێرییان پێشکەش بکات.