بۆ نموونە: "ژیری" کە ئەندام و ئامڕازێکی مرۆڤە، ئەگەر نەیفرۆشیت بە خوای گەورە و، بۆ نەفس و ئارەزووەکانی بەکاری بھێنیت، ئەوا دەبێت بە ئەندامێکی نەگبەت و بێ توانا و مایەی بێزاری! چونکە ھەموو ئازارە خەمناکەکانی ڕابوردوو ھاودەم لەگەڵ بەڵا و گیروگرفتە ترسناکەکانی داھاتوودا دەخاتە ئەستۆی مرۆڤەوە. ئەو کاتەش پلەی "ژیری" نزم دەبێتەوە و دەبێت بە ئەندامێکی زیانبەخش. ھەر لەبەر ئەوەشە کە دەبینی مرۆڤی فاسق بۆ ئەوەی لە بێزارییەکانی "ژیری"ی ڕزگاری ببێت زۆربەی جار لەدەست باری سەختی ژیان ھەڵدێت و پەنا دەباتە بەر مەستی و کاری بێھوودە!
بەڵام ئەگەر "عەقڵ" بە خاوەنی ڕاستەقینەی خۆی بفرۆشرێتەوە کە خوای گەورەیە و لە پێناوی ئەودا بەکاربھێنرێت، ئەوا دەبێت بە کلیلێک بۆ کردنەوەی خەزێنەی بێسنووری میھرەبانیی خواوەند و گەنجینەی دانایی پەروەردگار. ئیتر بۆ ھەر لایەک بڕوانێت و بە ھەر چەشنێک بیر بکاتەوە، دانایی خواوەند لە ھەموو دروستکراوێک و گشت بوونەوەر و ڕووداوێکدا دەبینێت و، میھرەبانیی خوای گەورەی لە ھەموو بوونەوەردا بە درەوشاوەیی بەرچاو دەکەوێت.
بەم پێیە "عەقڵ" بەرز دەبێتەوە تا دەگاتە پلەی ڕابەرێکی پەروەردگاری، کە پلەیەکە خاوەنەکەی بۆ کامەرانیی ھەمیشەیی ئامادە دەکات.