وتەکان | وتەی ھەشتەم | 65
(51-66)

گۆڕانی دەمی ھەژدیھاکە و بوونی بە دەرگای باخچە و بێستان، ھێمای ئەوەیە کە: "گۆڕ" بەندیخانەی دڵتەنگی و لەبیرچوون و فەرامۆش کردنە و، بۆ گومڕایان و ستەمکاران وەکو ناوسکی ھەژدیھا وایە.. بەڵا‏م بۆ ئەھلی ئیمان و قورئان دەرگایەکە خراوەتە سەرپشت، تاکو لە بەندیخانەی ئەم ژیانە بەرەو باخچە و گوڵزارەکانی ژیانی نەمری و ھەمیشەیی و، لە کۆڕی تاقیکردنەوەی دنیاوە بۆ خۆشی و کامەرانیی بەھەشت و، لە دەردی‏سەریی ئەرکی ژیانەوە بۆ ژێر سایەی بەخشندەیی خوای گەورەی میھرەبان دەرباز ببن.

گۆڕان و بوونی ئەو شێرە دڕندەیەش بە ئەسپێکی ئامادەکراوی خزمەت‏گوزار، ھێمایە بۆ ئەوەی کە: "مردن" بۆ گومڕایان جودایی و لێک‏بڕانێکی سزادەری ھەتاھەتایی‏یە لە ھەموو دۆست و خۆشەویستان و، بەجێ‌‏ھێشتنی بەھەشتێکی درۆینە و ھەڵخەڵەتێنەری وەک دنیایە، بۆ ناو تەنگی و تەسکیی بەندیخانەی تەنیایی ناو گۆڕ و ون‏بوون و سەرلـێ‌‏شێوانێکی بێ‌سـنوور.. بەڵا‏م بۆ ئەھلی ھیـدایەت و قورئان، گەشتێکە بەرەو جیھانی دوایی و ھۆکارێکی گەیشتنە بە خۆشەویستان و ھاوڕێ‌یانی دێرین و، ھۆیەکە بۆ چوونە ناو نیشتمانی ڕاستەقینە و بەختیاریی ھەمیشەیی و، خوڵک و بانگ‏کردنێکی بەڕێزانەیە بۆ دەربازبوون لە بەندیخانەی دنیا بەرەو باخچەکانی بەھەشت و، چاوەڕوانی‏یەکە بۆ وەرگرتنی پاداشتی خزمەت‏گوزاری‏یەکان لە لایەن میھرەبانیی خوای گەورەوە و، حەسانەوەیەکە لە ئەرک و لـێپرسراوی‏یەکانی ژیان و پشوودانێکە لە فەرمانبەری‏یەکانی و، ڕاگەیاندنێکە بۆ کۆتایی پێ‌‏ھاتنی ئەرکەکانی بەندایەتی و تاقیکردنەوەکانی فێربوون لەم ژیانەی دنیادا.

دەنگ نییە