وتەکان | وتەی ھەشتەم | 64
(51-66)

بەروبوومە ھەمە چەشنەکانی ئەو درەختەش: نیعمەتەکانی دنیان کە پەروەردگاری گەورە و سەخاوەتمەند دروستی کردوون، بۆ ئەوەی وەک لیستە و ناوەرۆکێک وابن بۆ نیعمەتەکانی ئاخیرەت و یادی نیعمەتەکانی ئەوێ‌یان پێ‌ بکرێتەوە و، خواوەندی دانا بۆ بانگێشتی کڕیارەکانی میوەی بەھەشت لە شێوەی چەند نموونەیەک‏دا بەدییھێناون. ئەو ھەموو میوە جۆراوجۆرانەش کە خوا بەو درەختەی بەخشیبوو، پەنجە بۆ مۆرکی "صەمەدانییەت"ی خوا و تەمغەی "پەروەردگارێتی" و فەرمانڕەوایەتی "دەستەڵا‏تی" ئەو درێژ دەکات..

چونکە (دروست‏کردنی ھەموو شتێک لە تەنھا یەک شت) وەک پێکھێنانی ھەموو جۆرەکانی ڕووەک و بەروبوومەکانیان لە تەنھا یەک گڵ‌ و، دروست‏کردنی ھەموو زیندەوەران لە یەک ئاو و، داھێنانی ئامێرەکانی زیندەوەرانیش لە خۆراکێکی ساکار.. ھەروەھا (دروست‏کردنی تەنھا یەک شت لە ھەموو شتێک) وەک دروست‏کردنی گۆشتێکی تایبەتی و پێستێکی ئاسایی بۆ زیندەوەران لە چەندین جۆر خۆراکی ھەمە چەشن و جیاواز.. ھەموو ئەمانە سککە و تەمغەی کەسێکی "صەمەد" و تاک و تەنیا و، مۆری تایبەتیی پادشای ئەزەل و ئەبەدن کە ھەرگیز بە کەس لاسایی ناکرێنەوە.

بەڵێ‌، داھێنانی یەک شت لە ھەموو شتێک و، بەدیھێنانی ھەموو شتێکیش لە تەنھا یەک شت، تایبەتکاری‏یەکی سەربەخۆی بەدیھێنەری ھەموو شتانە و، بەڵگەیەکی تایبەتیی ئەو خواوەندەیە کە بەسەر ھەموو شتێک‏دا بەتوانا و زاڵ‌ و بەدەستەڵا‏تە.

ئەو تەلیسمەش، نھێنیی دانست و ئامانجی بەدیھاتنی بوونەوەرانە، کە تەنھا بەھۆی نھێنیی ئیمانەوە دەکرێتەوە. ئەو کلیلەش کە دەیکاتەوە: (اَللهُ لا الهَ إلاّ هوَ الْحَيُّ القيّوم) و (ياالله) و (لا الهَ الاّ الله)یە.

دەنگ نییە