وتەکان | وتەی نۆھەم | 69
(67-83)

واتە ھەروەک پەروەردگارێتیی خوای گەورە خوازیاری بەندایەتی و گوێ‌‏‏ڕایەڵی‏یە، پیرۆزی و بێ‌‏نیازیی ئەو پەروەردگارێتی‏یەش داخوازی ئەوەن کە "بەندە" = لەگەڵ‌ داواکردنی لێبوردن و بینینی کەم‏و‏کووڕی‏یەکانی = دەری‏‏ببڕێت کە: خواوەند پاک و بێ‌‏نیازە لە ھەموو کەم‏وکووڕی‏یەک و، ڕای‏بگەیەنێت کە ئەستۆی سەرجەمی بیروڕا پووچەڵەکانی گومڕایان ناتوانێت بگاتە گەورەیی ئەو خوایە و، خواوەند بەرز و بڵندە بەسەر ھەموویان‏دا. ھەروەھا دەری‏‏ببڕێت کە خوای گەورە ھێندە خاوێن و بڵندە کە دەستی ھیچ کەم‏و‏کووڕی و ناتەواوی‏یەکی بوونەوەران ناگاتە داوێنی بەرز و بڵندییەکەی.. بەڵێ‌، ھەموو ئەمانە بە وتنی: "سبحان الله" دەرببڕێت..

ھەروەھا کەماڵی توانستی پەروەردگارێتی داوا لە "بەندە" دەکات کە پەنا بباتە بەری و پشتی پێ‌‏ ببەستێت. چونکە بەندە "لاوازی"ی خۆی و "بێ‌‏دەستەڵا‏تی"ی بوونەوەران دەبینێت. ئیتر لە بەرامبەر مەزنیی ئاسەوارەکانی توانستی صەمەدانییەوە و بە دەربڕینی ئەوپەڕی ڕێز و سەرسووڕمانەوە: "الله أکبر" دەکات و بە کەماڵی خشووع و ئەدەب و ملکەچییەوە دەڕواتە ناو "ڕکووع"ەوە..

ھەروەھا میھرەبانیی فراوان و نەبڕاوەی پەروەردگارێتیی خوای گەورە داوا لە "بەندە" دەکات کە بە زمانی نزا و پاڕانەوە، پێداویستی‏یەکانی خۆی و گشت بوونەوەران و، "ھەژاری" و "بێ‌‏دەسەڵا‏تی"ی ھەموویان، لە دەرگای ئەو گەنجینە نەبڕاوەی میھرەبانیی پەروەردگاردا بخاتە ڕوو. ھەروەھا بە وتنی: "الحمد لله" شوکرانە و سوپاسگوزاریی ئەو نیعمەتە زۆر و فەزڵ‌ و میھرەبانی‏یە زەبەندەیەش دەرببڕێت کە ئەو پەروەردگارە میھرەبانە ڕشتوونی بە سەریان‏دا..

واتە کردار و گوفتارەکانی نوێژ، ئەم واتایانەیان تێدایە و، ھەر لەبەر دەرخستنی ئەم ناوەرۆکانەیە کە خوای گەورە نوێژی لەسەرمان فەرز کردووە.

دەنگ نییە