وتەکان | وتەی نۆھەم | 72
(67-83)

(بەیانیی دووھەم)یش‏: بەرەبەیانی "حەشر"مان یاد دەخاتەوە‏‏! بەڵـێ‌، ھەروەک ھاتنی بەیانی بە دوای ئەم شەوەدا و‏‏، بەھار بە دوای ئەم زستانەدا شتێکی پێویست و "حەتمی"یە بەلای ژیرییەوە، بە ھەمان پلە و پایە، ھاتنی بەرەبەیانی "حەشر" و بەھاری "بەرزەخ"یش قەتعی و دوور لە گومانە.

کەواتە، ھەریەکە لەم پێنج کاتانە سەرەتای ئاڵ‌‏وگۆڕێکی گرنگە و ئاڵ‌وگۆڕی گەورەتریشمان یاد دەخاتەوە. چونکە موعجیزاتی توانستی خوای گەورە و دیاری‏یەکانی میھرەبانیی ئەومان دەخاتەوە یاد کە لە ساڵ‌ و چەرخ و سەردەمەکان‏دا ڕوو دەدەن، ئەوەتا کاروبارە ڕۆژانەکەی خوای گەورەی بەتوانا ئاماژەیان بۆ دەکەن. واتە نوێژی فەرز = کە فەرمانبەریی فیترەت و بناغەی بەندایەتی و قەرزی ئەستۆیە = زۆر شایان و بەجێ‌‏یە کە لەم کاتانەدا بێت.

سەرنجی پێنجەم:

مرۆڤ = لە سـروشـتی‏دا = تابڵێی لاوازە، لەگەڵ‌ ئەوەش‏دا ئەو شـتانەی کە ژیانی لـێ‌ تاڵ‌‏ و لێڵ‌ دەکەن و خەفەت و ئازاری بۆ دروست دەکەن، گەلـێ‌ زۆرن‏‏..

لە ھەمان کات‏دا تابڵێی دەستەپاچە و بێ‌‏دەستەڵا‏تە، کەچی لەگەڵ‌ ئەوەش‏دا گەلـێ‌ دوژمن و بەڵا‏ و گیروگرفتی زۆری لەسەر ڕێگادایە..

ھەروەھا گەلـێ‌ ھەژارە، کەچی پێویستی‏یەکانی ژیانی یەکجار گەورە و زۆرن..

ھەروەھا تەمبەڵ‌ و بێ‌‏توانایە، کەچی دەبینیت کاروباری ژیان گەلـێ‌ قورسن لەسەر شانی..

دەنگ نییە