وتەکان | وتەی نۆھەم | 71
(67-83)

کاتی (عەسر)یش: وەکو وەرزی پایز و‏‏، ماوەی پیری و‏‏، چەرخی بەختەوەری وایە کە سەردەمی دواھەمین پێغەمبەرە صلی الله علیھ وسلم. ئەمەش کاروبار و نیعمەتە سەرتاپا میھرەبانی‏یەکانی خوامان یاد دەخاتەوە.

کاتی (خۆرئاوا و شێوان)یش: ئاوابوونی زۆربەی بوونەوەران لە کۆتایی پایزدا و، مردنی مرۆڤ و، کاول‏‏بوونی دنیامان لە دەمی بەرپابوونی قیامەت‏دا‏‏ دەخاتەوە یاد.. لەگەڵ‌ ئەمەش‏دا دەرسی گەورەیی خوامان پێ‌‏دەڵێت و‏‏، مرۆڤ لە خەوی غەفڵەت ڕادەپەڕێنێت.

کاتی (عیشا)یش: ئەوەمان پیشان دەدات کە "جیھانی تاریکی" پەردەی ڕەشی بەسەر ڕوخساری "جیھانی ڕووناکی"ی ڕۆژدا دادایەوە. ھەروەھا کفنە سپی‏یەکەی زستانمان دەخاتەوە یاد کە سەر ڕووی زەوی دادەپۆشێت. تەناتەت ئەوەشمان یاد دەخاتەوە کە شوێنەواری مردووەکانیش دەمرێت و دەڕواتە ژێر پەردەی لەیادچوونەوە‏‏. ھەروەھا ئەو کاتەمان یاددەخاتەوە کە دەرگاکانی ئیمتیحانخانەی دنیا بە تەواوی دادەخرێن‏‏.. ئەم کاتە کاتێکە کردارە گەورەکانی خوای "قھار"ی "شکۆمەند" دەردەخات و ڕایان‏دەگەیەنێت.

کاتی (شەو)یش: زستان و قەبر و جیھانی بەرزەخـمان یاددەخاتەوە. سەرەڕای ئەوەی کە "ڕۆح"ی مرۆڤیش ئاگادار دەکاتەوە بۆ ئەوەی کە چەندە پێویستیی بە خوای گەورەی بەسۆز و میھرەبانە!

(شەونوێژ)یش: فێرمان دەکات کە چەندە بۆ ڕۆشنایی تاریکە شەوی قەبر و ڕووناک‏کردنەوەی تاریکایی جیھانی بەرزەخ پێویستیمان پێ‌‏یەتی. ھەروەھا ئاگادارمان دەکاتەوە و یادی ئەو نیعمەتە بێ‌‏کۆتایییانەی نیعمەت‏‏بەخشی ڕاستەقینەمان پێ‌‏دەکاتەوە کە لەم ئاڵ‌وگۆڕانەدا ھەن و، ئەوە دەردەخات کە چەندە ئەو ‏ ‏نیعمەت‏بەخشە ڕاستەقینەیە شایستەی شوکر و سەنا و ستایشە.

دەنگ نییە