وتەکان | وتەی نۆھەم | 74
(67-83)

جا ڕزگاربوونی "گیان"ی مرۆڤ لەو ھەموو ئازارانە و خۆقورتارکردنی لەو بێ‌ئاگایی‏و سەرسامی‏یە و، دەربازبوونی لەو شت و کاروبارە کەم‏نرخانەی کە ڕەنج و ئەرکی بۆ فەراھەم دەھێنن و خەمی دەرخوارد دەدەن، تەنھا بەوە دەبێ‌ کە مرۆڤ بە سکاڵا‏ و پاڕانەوە ھانا‏‏ و پەنا بەرێتە بەر دەرگانەی ڕۆزیدەری ڕاستەقینە و، بە شوکر و شتایش دەبێ‌ لە بەرامبەر ئەو نیعمەتە زۆرانەی کە لای کۆبوونەتەوە و ھەستیان پێ‌‏دەکات و، بەوە دەبێ‌ کە تەنھا پشت بەو ببەستێ‌. ئەمەش لەگەڵ‌ دەربڕینی بێ‌‏‏دەستەڵا‏تیی خۆی بەرامبەر گەورەیی خوای گەورە بە "ڕکووع‏‏‏بردن".. ھەروەھا بە دەربڕینی مل‏کەچ‏کردنی خۆی لە بەرامبەریەوە بەوپەڕی ئەدەب و ڕێز و خۆشەویستی‏یەوە، ئەمەش بە "سوژدەبردن"بۆ کەماڵی ھەمیشەیی‏و جوانیی بێ‌‏وێنە و ناوازەی ئەو.

ئەمەیە نوێژی نیوەڕۆ‏‏! کەواتە چەندە جوان و بەتام و شیاو و پێویستە؟

دەبا ئیتر ھیچ کەسێ‌ خۆی بە مرۆڤ نەداتە قەڵەم گەر لەمە تێ‌‏‏نەگات!

لە دەمی "عەسر"یش‏دا: کە کاتێکە وەرزە خەفەتبارەکەی پایز و، دەمی خەم‏بەخشی پیری‏‏و، ڕۆژانی پڕ لە ئازاری ئاخر زەمان و، کاتی دەرکەوتنی بەرھەمی کردەوەی ڕۆژانەمان، دەخاتەوە یاد.. ئەم کاتە، دەمی کۆبوونەوەی تێکڕای نیعمەتە مەزنە خوایی‏یەکانە. وەک: چەشـتنی تەندروسـتی و لەش‏سـاغی و ئەنجامدانی خزمەت‏گوزاریی ڕێک‏‏ و پەسەند.. ھەروەھا کاتی دەربڕینی ئەوەیە کە مرۆڤ میوانێکی ڕاسپێرراوە و، لە لایەکی تریشەوە ھەموو شتێک لە جم‏وجووڵدایە و بەرەو نەمان دەڕوات، ئەوەتا خواربوونەوەی ئەو خۆرە گەورەیەی ئاسمان بەرەو ئاوابوون، ئاماژە بۆ ئەم مەبەستە دەکات.

دەنگ نییە