وتەکان | وتەی نۆھەم | 77
(67-83)

پاشان کڕنووش دەباتە بەردەم جوانیی زاتی ئەو خوایەی کە زەوالی نی‏یە و‏‏، ئەو سیفەتە پیرۆزانەی کە گۆڕان ڕوویان‏ تێ‌ناکات و‏‏، ئەو کەماڵە ھەمیشەیی‏یەش کە ھەرگیز ناگۆڕێت. بەمەش واز لە پەرستنی غەیری خوا دەھێنێت و خۆشەویستی و بەندایەتیی خۆی = بەوپەڕی ڕێز و خۆنەویستی و سەرکزی‏یەوە = بە وتنی‏‏: "سبحان ربـي الأعلى" دەردەبڕێت، چونکە لە بریی ھەموو شتێکی فانی و بڕاوە‏‏، جوانێکی ھەمیشەیی و خاوەن میھرەبانی‏‏یەکی بەردەوامی دۆزیوەتەوە. بەمە ڕێزلـێنانی خوای خۆی دەردەخات، ئەو خوایەی کە بەرزە بەسەر ھەموو نەمانێک‏دا و پاکە لە ھەموو کەم‏وکووڕی‏یەک.

پاشان بۆ "تشھد" و خوێندنی "تەحیات" دادەنیشێت و‏‏، لەو ڕێگایەوە سڵا‏وی پیرۆز و سڵا‏واتی پاک و بێگەردی ھەموو بوونەوەران پێشکەش دەکات بە بارەگای ئەو خوا خاوەن جوانی‏یەی کە بووە و‏‏، ئەو خاوەن گەورەیی‏یەی کە ھەر ھەیە‏‏.. ھەروەھا پەیمان لەگەڵ‌ پێغەمبەری خۆشەویست‏دا = صلی الله علیه وسلم = تازە دەکاتەوە بە سڵا‏ولـێ‌‏کردن و دەربڕینی گوێ‌‏ڕایەڵیی فەرمانەکانی..

لەم کاتەدا ڕێک‏‏و‏پێکیی بەحیکمەت نەخشاوی ئەم کۆشکەی گەردوون دەبینێت و دەیکات بە شایەت لەسەر "یەکتایی" بەدیھێنەری شکۆمەند و، بەمەش ئیمانی خۆی نوێ‌ دەکاتەوە.. پاشان شایەتمان بە شانی ڕاگەیەنەر و پێناسەری پەروەردگارێتیی خوای گەورە و ڕوونکەرەوەی ئایەتەکانی کتێبی گەردوون دەھێنێت کە حەزرەتی محمد پێغەمبەرە، صلی الله علیه وسلم.

دەنگ نییە