وتەکان | وتەی نۆھەم | 76
(67-83)

ھەروەھا وەک: یادخستنەوەی ڕۆشتنی مرۆڤ بۆ ناو گۆڕ لە کاتی مردن‏دا و، جودایی و لێک‏بڕانی بەسۆ و ئازاری لەگەڵ‌ گشت خۆشەویستانی‏دا..

ھەروەھا وەک: یادخستنەوەی مردنی دنیا بە گشتی و گواستنەوەی دانیشتووانی بۆ چەند جیھانێکی تر..

ھەروەھا وەک: یادخستنەوەی کوژانەوەی چرای تاقیگەی ئەم دنیایە..

"کاتی مەغریب" وەختی ئاگادارکردنەوە و ڕاپەڕاندنی گشت ئەو کەسانەیە کە تا ڕادەی پەرستن، شەیدای ئەو شتانەن کە لە پشت ئاسۆی "نەمان"ەوە ئاوا دەبن!

جا لەبەر ئەمانە، ئەو مرۆڤەی کە خاوەنی "گیان"ێکی پاکی بێ‌‏گەردی وەک ئاوێنەیە، زۆر بە تاسەوەیە بۆ موتاڵا‏کردنی درەوشانەوەی جوانیی خواوەندی ھەمیشەیی و باقی. ئەم مرۆڤە لەبەر بەجێ‌ھێنانی نوێژی شێوان لەم کاتەدا، ڕوو دەکاتە عەرشی گەورەیی ئەو خوایەی کە ھەر بووە و ھەر دەشبێ‌، ئەو خوایەی کە ھەرچی ئیش‏وکاری گەورە و ئاڵ‌وگۆڕی ئەم جیھانە مەزنە ھەن، ھەر ئەو ھەموویان بەڕێوە دەبات و لە ژێر دەستی ئەودان.

بۆیە بە دەنگێکی زوڵا‏ڵ‌ ھەموو دەوروبەری خۆی دەلەرێنێتەوە و لە ڕووی گشت بوونەوەرە فانی‏یەکان‏دا "الله أکبر" دەڵێت و دەست لە ھەموویان دادەتەکێنێت. ئنجا لە بەردەم کەماڵی بەرز و جوانیی بێ‌‏ وێنەی خوای گەورەدا دەستەونەزەر ڕادەوەستێت، تاکو بە وتنی: (الحمدُ لله) ستایشی میھرەبانیی نەبڕاوەی ئەو بکات و، پاشان بە وتنی: (إِيّاكَ نَعْبُدُ واِيّاكَ نَسْتَعين)یش بەندایەتی و پشت‏ بەخوا بەستنی خۆی بخاتە بەردەم پەروەردگارێتی‏و خوایەتیی ئەو خوایەی کە پێویستی بە یاریدەدەر و ھاوەڵ‌ و وەزیر نی‏یە و نیشیەتی. ئیتر ئەو مرۆڤە‏‏، ھاودەم لەگەڵ‌ سەرجەمی بوونەوەران‏دا‏‏، دەچێتە "ڕکووع"ەوە و، بە وتنی‏: "سبحان ربـي العظيم وبحمده" بێ‌‏دەستەڵا‏تی و لاوازی و ھەژاریی خۆی لە بەرامبەر گەورەیی ھەمیشەیی و دەستەڵا‏تی نەبڕاوە و عیززەتی بێ‌ کەم‏‏وکووڕیی خواوە، دەردەبڕێت.

دەنگ نییە