وتەکان | وتەی نۆھەم | 78
(67-83)

ئنجا بڕوانە بۆ بەجێ‌ھێنانی نوێژی مەغریب بەم ناوەرۆکە بەرزە و، بزانە کە چەندە فەرمانبەری‏یەکی بڵند و پاک و بێ‌‏گەرد و شیرینە و، چەندەش بەندایەتی‏یەکی بەتام و جوانە‏و، چ ڕاستی‏یەکی ڕەسەن و بەرز و باڵا‏یە!

دەبینین ئەنجامدانی نوێژی مەغریب = بەم شێوە و واتایە = ھاودەمی‏یەکی بەوەفایانەیە و دانیشتنێکی پیرۆز و نەبڕاوەیە لە میوانی‏یەکی بڕاوەی وەک ئەم دنیایەدا‏‏.‏‏

ئایا ئەو کەسەی لەمە تێ‌‏نەگات، خۆی بە مرۆڤ دەزانێت؟

لە دەمی "عیشا"دا، ئەو کاتەی کە ھیچ شوێنەوارێکی ڕۆژی تێدا نامێنێت و ھەموویان لە ئاسۆدا ئاوا دەبن و "شەو" ڕە‏شماڵی خۆی بەسەر جیھان‏دا دادەکوتێ‌.. ئەم کاتە، چەند شتێکمان یاد دەخاتەوە، وەک: کاروبارە پەروەردگاری‏یەکانی ئەو خوایەی کە "مُقلِّبُ اللیلِ والنھار"ە، کە خوای بەتوانای شکۆمەندە، ئەو خوایەی کە لاپەڕە سپی‏یەکەی "ڕۆژ" دەگۆڕێت بە لاپەڕە ڕەش‏داگیرساوەکەی "شەو"..

ھەروەھا وەک‏‏: یادخستنەوەی کاربەڕێ‌‏کردنە خوایی‏یەکانی ئەو کەسەی کە "مُسخِّرُ الشّمسِ والقمر"ە کە خوای دانای خاوەن کەماڵە، ئەو خوایەی کە لاپەڕە ڕەنگینەکەی ھاوین دەگۆڕێت بە لاپەڕە سارد و سپی‏یەکەی زستان..

ھەروەھا وەک: یادخستنەوەی کاروبارە پەروەردگاری‏یەکانی ئەو خوایەی کە "خالِقُ الموتِ والحیاە"ە، ئەویش بە بنەبڕبوونی ھەموو شوێنەوارێکی خەڵکی گۆڕستان = بە درێژایی زەمانە = لەم دنیایەدا و گواستنەوەیان بە گشتی بۆ جیھانێکی تر.

دەنگ نییە