وتەکان | وتەی نۆھەم | 79
(67-83)

بەڵێ‌، کاتی عیشا کاتێکە کاروباری شکۆمەندیی خوا و، درەوشانەوەی "جەمالییەت"ی بەدیھێنەری ئاسمانەکان و زەوی و، دەرکەوتنی جیھانی فراوان و مەزن و نەبڕاوەی دواڕۆژمان دەخاتەوە یاد. ئەمەش بە یادخستنەوەی مردنی دنیای تەنگ و تەسکی کەم نرخی فانی و کاول‏‏بوونی بە تێکڕایی.

کاتی عیشا، کات و ھەڵوێستێکە دەیسەلمێنێت کە: خاوەن و بەڕێوەبەری ڕاستەقینە‏‏ و شایستەی پەرستنی ڕاستەقینە‏‏ وخۆشەویستی ڕاستەقینە‏ تەنھا ئەو کەسەیە کە ئاڵ‌ و گۆڕی "شەو" و "ڕۆژ" و، "زستان" و "ھاوین" و، "دنیا" و "قیامەت"ی وەک ئاسانیی ھەڵگێڕانەوەی لاپەڕەی کتێب بەلاوە ئاسانە.. ئەو کەسەیە کە نووسین وکوژانەوە و گۆڕینی لاپەڕەکانی کتێبی بوونەوەری بەدەست بێت‏‏. دیارە ئەمەش لە دەست ھیچ کەسێک نایەت مەگەر خاوەنی ڕەھاترین دەستەڵا‏ت کە فەرمانەکانی ھەمیشە جێ‌‏بەجێ‌ کراوە.

"گیان"ی مرۆڤیش کە لەوپەڕی ھەژاری و کۆڵەواری‏دایە و‏‏ خەمناک وسەرلی‏شێواوی دواڕۆژە و‏‏، نازانێ‌ چی لە ژێر پەردەی شارراوەی ئەو شەو و ڕۆژانەدایە کە لەسەر ڕێی ژیانیدان‏‏.. ئەم مرۆڤە، کە نوێژی عیشا دەکات = بەم ناوەرۆک و شێوەیەی باسمان کرد = بە بێ‌ ھیچ دوودڵی‏یەک چەشنی ئیبراھیم پێغەمبەر = دروودی خوای لەسەر بێت = دەڵێت: (لا أُحِبُّ الآفِلين) (الأنعام:76) بۆیە دەبینیت بە نوێژکردن پەنا دەباتە بەر دەرگانەی پەرستراوی ئەزەلی و خۆشەویستی ئەبەدی و‏‏، لەم دنیا و جیھانە فانی‏یەدا ڕاز و سکاڵا‏ی خۆی لە خزمەت خواوەندی باقیی ھەمیشەیی‏دا دەدرکێنێت لە دەست ئەم دنیا تاریکە و ئەو دواڕۆژەی کە ھیچی لـە بارەوە نازانێت، تاکو لە ڕێی ئەم نزیکی‏یە سەرپێ‌‏یی و ڕاز درکاندن‏‏و پاڕانەوە کاتی‏یەوە، ڕووناکی بەم دنیایەی ببەخشێت و‏‏، بە بینینی ڕووتێکردن و ئاوڕلێدانـەوەی میھـرەبانیی خـواوەندی "ڕەحـمان" و "ڕەحیم" دواڕۆژیشـی ڕوونـاک بکاتەوە و تیماری ئەو زامانەشی پێ‌ بکات کە جودایی و لێک‏بڕانی کەس و کار و برادەر و خۆشەویستان لە دەروون‏دا دروستیان دەکات‏‏..

دەنگ نییە