وتەکان | وتەی نۆھەم | 75
(67-83)

بەڵێ‌ "گیان"ی مرۆڤ کە داواکاری نەمری و ھەمیشەیی‏یە و لە ڕاستیش‏دا بۆ مانەوە و ھەمیشەیی دروست‏کراوە و، جوانی و چاکەی لەلا خۆشەویستە و، جوداییش ئازاری دەدات.. ئەم مرۆڤە، لە دەمی عەسردا دەسنوێژ دەگرێت و نوێژی عەسر بەجێ‌‏ دەھێنێت، تاکو لە بەردەم دەرگانەی خواوەندی "قدیم" و "باقی"دا بپاڕێتەوە، ئەو خوایەی کە مانەوە و ڕاگیربوونی ھەموو شتێک بە دەستی ئەوە. بۆ ئەوەی مرۆڤ پەنا بباتە بەر گەورەیی و ھەمیشەیی میھرەبانی‏یە فراوانەکەی و، شوکر و ستایشی نیعمەتە لە ژمارە نەھاتووەکانی پێشکەش بکات. دەبینیت بەوپەڕی ملکەچییەوە "ڕکووع" دەباتە بەردەم عیززەتی پەروەردگارێتیی خوا و، بەوپەڕی لەخۆبوردن و خۆنەویستی‏یەوە "سوژدە" دەباتە بەردەم ھەمیشەیی خوایەتیی ئەو.. ئنجا ئاسوودەیی دەروون و پشوودانی ڕاستەقینەی "گیان"یشی لەوەدا دەدۆزێتەوە کە بە بەندایەتییەکی ڕێک‏وپێک و بە ئامادەیی‏یەکی تەواو لە بەرامبەر خوایەتیی خوای گەورەدا ڕابووەستێت.

ئیتر وەرە سەیر بکە و بزانە کە: بەجێ‌‏ھێنانی نوێژی عەسر = بەم واتا و ناوەرۆکە = چەندە خزمەت‏گوزاری‏یەکی شایستە و فەرمانبەر‏ی‏یەکی بەرزە؟ بەڵکو چ وەختێکی شایستە و گونجاوە بۆ گێڕانەوەی قەرزی "فیترەت" کە لە ئەستۆماندایە و، چەندە دەسکەوتێکی بەتامی لەزەت‏بەخشە بۆ دەستخستنی بەختەوەری!

ھەرکەسێک بە ڕاستی‏ مرۆڤ بێت، لەمە تێدەگات!

لە کاتی "مەغریب"یش‏دا: کە چەند شتێکی گرنگمان یاد دەخاتەوە، وەک: ئاوابوونی ئەو دروستکراوە ناسکۆڵە و جوانانەی جیھانی ھاوین و پایز، لە گەنجینەی ئەمانەتەکان لە سەرەتای وەرزی زستان‏دا..

دەنگ نییە