وتەکان | وتەی دەھەم | 107
(84-154)

پاشان ھەرگیز ناشگونجێ ئەو کار و ئەرکانەی کە پێی سپێرراون تەنھا لە پێناوی بەسەربردنی چەند ڕۆژێکی کەمی ناو ئەم میوانخانە سەرپێ‌یی و کاتی‏یەدا بێت.. بەڵکو بۆ ژیانێکی تری پڕ لە بەختیاریی ھەمیشەیین..

کەواتە لەم "پێناسە"وە دەردەکەوێت کە: خاوەنەکەی بۆ شوێنێکی تر ئامادەکراوە، تەنانەت بۆ جیھانێکی تری جگە لەمە ھەوڵ دەدات و دەڕوات و تێ‌دەکۆشێت.

پاشان بۆ ئەم "تۆمارانە" بڕوانە کە چۆنێتی و بەرپرسیاریی بەکارھێنانی کەرەسەکانیان تێدا نووسراوە..

جا ئەگەر جگە لەم مەیدانە، پلەوپایەیەکی تری بەرز و بڵند و ھەمیشەیی لە ئارادا نەبێت، ئەوا ھیچ واتا و ناوەرۆکێک بۆ ئەم "پێناسە" پڕ لە وردەکاری و "تۆمارە" ڕێک و پێکانە نامێنێتەوە‏ و، پلە و پایەی ئەو ئەفسەر و پێشەوا و سەرکردە بەڕێزانە لە جێی خۆیان‏دا دەلەقێن و، بەرەو ئاستێکی گەلێ نزم شۆڕدەبنەوە و دادەبەزن‏‏‏ و، دووچاری بەدبەختی و زەلیلی و سووکی و ڕسوایی و گیرۆدەیی و لاوازی و ھەژاری و شتانی وەک ئەمانە دەبن!

کەواتە گەر بە وردی ڕوانین و سەرنجی خۆت بۆ ھەر لایەک ئاراستە بکەیت، ئەوا گشت سەرنجدان و ڕوانینەکانت بەرەو ئەم ئەنجامەت دەبەن کە:

(دوای ئەم "نەمان"ەی ئێستا "مانەوە"یەک ھەیە).

دەسا ئەی ھاوڕێ‌کەم! ئەم وڵاتە = لە ڕاستی‏دا = وەک کێڵگە و، مەیدانێکی مەشق و فێرکردن و، بازاڕێکی بازرگانی وایە‏‏ و‏، ھەر دەبێ لە پاشان‏دا دادگایەکی گەورە و بەختیاری‏یەکی مەزنی بە دوادا بێت. خۆ ئەگەر ئینکاریی ئەم ئەنجامە بکەیت، ئەوا ناچار دەبیت ئینکاریی گشت پێناس و تۆمارەکانی ئەفسەرەکان و، ئەو ھەموو کەرەسە و تفاق و تەعلیماتانە و، تەنانەت ئینکاریی ھەموو یاسێ‌ و ڕێساکانی ئەم وڵاتە و، بەڵکو ئینکاریی خودی دەوڵەتیش بکەیت و، دەبێ ئەو ھەموو ڕووداوانە بە درۆ بخەیتەوە کە لێرەدا ڕوو دەدەن. خۆ دیارە گەر ئەو ھەموو ئینکارییانە دەرببڕیت، ئەوا ھەرگیز ناکرێ پێت‏ بوترێت مرۆڤێکی ژیری خاوەن ھەست و نەست و شعوور، بەڵکو لە سۆفستائی‏یەکان گەلێ بە گەوج و نەفام‏تر لە قەڵەم دەدرێیت!

دەنگ نییە