وتەکان | وتەی دەھەم | 106
(84-154)

وێنەی دوازدەھەم:

وەرە با ئێستا لەم گەشتەمان بگەڕێینەوە و لە ڕێگامان‏دا بە ئەفسەر و سەرکردەکانی ئەم پێڕ و کۆمەڵانە بگەین..

فەرموو تەماشای کەرەسە جەنگی‏یەکانیان بکە و، بیربکەرەوە و بزانە ئایا ئەم کەرەسانەیان تەنھا بۆ ماوەیەکی کەم و بۆ ئەم مەیدانی مەشقە دراوەتێ؟ یان بۆ ئەوەی ژیانێکی پڕ لە بەختەوەریی لە جێ‌یەکی‏تردا پێ‌ بەرنەسەر؟

جا لەبەر ئەوەی ئێمە ناتوانین یەک‏بەیەکی ئەو ئەفسەر و سەرکردانە ببینین و چاومان بە گشت کەرەسە و شمەک و پێداویستی‏یەکانیان بکەوێت، ئەوا = بۆ نموونە = ھەوڵ دەدەین تەنھا سەیری "پێناس" و "تۆماری کارنامە"ی یەکێکیان بکەین، ئەوەتا دەبینین کە: پلە و، مووچە و، ئەرک و، ئیمتیازات و، بواری کاری ئەفسەرەکە و، ھەر شتێک پەیوەندیی پێوە بێت، لە پێناسەکەی‏دا تۆمار کراوە..

بڕوانە! ئەم پلەیە ھی چەند ڕۆژێکی کەم نی‏یە.. بەڵکو بۆ ماوەیەکی گەلێ درێژخایەنە..

لە پێناسەکەی‏دا نووسراوە کە: ئەم ئەفسەرە لە فڵانە بەرواردا مووچەکەی خۆی لە گەنجینەی تایبەت وەردەگرێت.. بەڵام خۆ ئەم بەروارە گەلێ دوورە، دوای کۆتایی‏ھاتنی ماوەی مەشق‏کردنی ناو ئەم مەیدانە نەبێت، ئەو بەروارە نایەتە پێش!

ئنجا فەرمانبەری‏یەکەشی ھەرگیز شیاوی ئەم مەیدانە کاتی و کەم‏خایەنە نی‏یە و لەگەڵ ماوەی ئەم مانەوە سەرپێ‌یی‏یەدا ناگونجێت.. بەڵکو بۆ مەبەستی بەدەست‏ھێنانی بەختەوەری‏یەکی ھەمیشەیی‏یە لە شوێنێکی بڵندی لای پادشای مەزنی بەتوانا خۆی‏دا..

دەنگ نییە