وتەکان | وتەی دەھەم | 103
(84-154)

ئەی ھاوڕێی سەرسامم! تۆ دەڵێیت: (چۆن ئەم وڵاتە مەزنە دەڕووخێنرێت و، پاشان سەرلەنوێ لە جێ‌یەکی تردا بنیات دەنرێتەوە)؟

ئەوەتا ھەر لە بەرچاوی خۆت‏دا ئاڵ‌وگۆڕی زۆر و سەرسووڕھێنەری وا دەبینیت کە عەقڵت وەری‏ناگرێت! ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەم خێرایی‏یەی لەم ھەموو "کۆبوونەوە‏و جیابوونەوە" و "بنیات‏نان و ڕووخاندنە"دا ھەیە، لە پێناوی مەبەست و ئامانجێک‏دایە، چونکە دەبینی خەرجیی دە ساڵی ڕەبەق تەنھا بۆ کۆبوونەوەیەکی یەک سەعاتی سەرف‏دەکرێت! کەواتە خودی ئەم بارودۆخانە بۆ خۆیان لێرەدا ئامانج و جێی مەبەست نین، بەڵکو تەنھا چەند نموونەیەکن بۆ مەبەستی پیشاندان و بەرچاوخستن لەم پیشانگا کاتی‏یەدا و، پادشا لێرەدا کارەکانی بە شێوەیەکی موعجیزەئاسا کۆتایی پێ‌دەھێنێت، تاکو وێنەیان بگرێت و، ئەنجامەکانیان بپارێزرێن و ھەڵ‌بگیرێن و، چەشنی تۆمارکردنی ئەو شتانەی لە مەیدانی مەشق و مانۆڕی سەربازی‏دا ڕوودەدەن، ئەمانیش تۆمار بکرێن. کەواتە کاروبار و مامەڵەکانی ئێرە، سەرلەنوێ لە شوێنی کۆبوونەوە مەزنەکەدا بەردەوام دەبێت و لە دیمەنگا ھەرە مەزن و پیشانگا گەورەکەی ئەوێ‌دا جارێکی تر پیشان دەدرێنەوە. واتە: ئەم بارودۆخە فانی و لەناوچوانەی ئێرە، چەندین بەروبوومی ھەمیشەیی و وێنەی نەمر و ھەتاھەتایی لەوێ‌دا بەرھەم‏دێنن.

کەواتە مەبەست لەم ئاھەنگانەی ئێرە دەست‏کەوتنی بەختەوەری‏یەکی مەزن‏ترە و.. گەیشتنە بە دادگایەکی گەلێ گەورەتر‏ و.. شادبوونە بە چەندین مەبەست‏‏ و ئامانجی بەرز‏‏و بڵندی نادیار.

دەنگ نییە