وتەکان | وتەی دەھەم | 101
(84-154)

وێنەی نۆھەم:

ئێستا وەرە! با تەماشای بەشێک لە سەرۆکەکانی[1][4] ئەم فەرمانگە و کۆمەڵانە بکەین. ئەوەتا ھەندێکیان دەتوانن ڕاستەوخۆ بە تەلەفۆنی تایبەتی پەیوەندی بە پادشای مەزنەوە بکەن، تەنانەت ھەندێک لەو سەرەک فەرمانگەیانە پلەی ئەوەندە بڵند و باڵایە کە بۆ دیوانی حوزووری خاوێن و مەزنی پادشا بەرزبووەتەوە و بانگ‏ کراوە..

سەرنج بدە و بزانە ئەوانە چی دەڵێن؟.. ئەوەتا ھەر ھەموویان ئەم ھەواڵەمان پێ‌ ڕادەگەیەنن کە: "پادشا جێ‌یەکی گەورە و فراوان و ڕەنگینی بۆ پاداشت‏دانەوەی چاکەکاران و، شوێنێکی تری سامناکی بۆ تۆڵە و سزادانی خراپکاران ئامادە و تەرخان‏کردووە و، بۆ ئەمەش بەڵێنی تەواو ڕاست و بەھێز بۆ کەسانی چاکەکار و، ھەڕەشەو گوڕەشەی یەکجار توند و تیژ ئاراستەی بەدڕەفتاران دەکات". دیارە پادشایش گەلێ بەرز و مەزن و بە عیززەت‏ترە لەوەی کە خۆی گرفتاری ڕسوایی و زەلیلیی بێ‌ وەعدی بکات. خۆ ئاشکرایشە کە ئەم ھەواڵەی ھەواڵدەران ڕایان‏گەیاند ھەواڵێکی ئەوەندە یەک لە دوای یەک‏ و زۆر و پشت‏گیراوە کە گەیشتووەتە ڕادەی "تەواتور" و ھێزی یەک‏دەنگی و یەک‏بوون، چونکە ھەر ھەموو ھەواڵدەران پێمان ڕادەگەیەنن کە: بارەگای ئەم دەستەڵاتداری و پادشایی‏یەی کە لێرەدا شوێنەوار و ڕوخسارەکانی دەبینین، لە وڵاتێکی تری گەلێ دووردایە‏‏‏ و، کۆشک و خانووبەرەکانی ئەم مەیدانی تاقیکردنەوەیەش تێکڕا کاتین و، لە پاشان‏دا دەگۆڕرێن بە چەند کۆشک و تەلارێکی ھەمیشەیی و، ئەم زەوی‏یەش لادەبرێت و زەوی‏یەکی تری نوێی لە جێ‌دا دادەنرێت. چونکە دەستەڵاتداری و فەرمانڕەوایی ئەم پادشایی‏یە مەزن و ھەمیشەیی‏یەی کە لە شوێنەوار و جێکارەکانیەوە مەزنی‏یەکەی دەردەکەوێت، تەنھا لەوەدا نی‏یە کە بەسەر ئەم شتە فانی و لەناوچوانەدا زاڵ و دەستەڵاتدار بێت، بەڵکو بەسەر ئەو شتانەی کە دارای سیفەتی: "مانەوە و کەماڵ و مەزنی"ن، ئەو دەستەڵاتەی ھەمیشە ھەر زاڵ و بەردەوام و جێگیر دەبێت.



[1][4]  ئەو واتایانەی کە ئەم ئاماژەیە دەیانچەسپێنێت، دوایی لە "ڕاستیی ھەشتەم"دا بە ڕوونی دەردەکەون. بۆ نموونە: سەرۆک فەرمانگەکانی ئەم نموونەیە ھێمان بۆ: پێغەمبەران و ئەولیایان. مەبەست لە تەلەفۆنەکەیش ئەو نیسبەت و پەیوەندی‏یە پەروەردگاری‏یەیە کە لە دڵەوە ڕاکێشراوە، ئەو دڵەی کە "ئاوێنەی وەحی" و شوێنی لـێ‌دەرکەوتنی "ئیلھام"ە و، وەک مایکرۆی تەلەفۆن وایە. (دانەر)

کەواتە = جگە لەمە = مەنزڵ و خانەیەکی تر ھەیە و، دەبێ کۆچ‏کردنی ئێمە و گشت ئەو خەڵکەش بەرەو ئەو خانە و لانە و بارەگایە بێت.

دەنگ نییە