وتەکان | وتەی دەھەم | 102
(84-154)

وێنەی دەھەم:

ئەمڕۆ جەژنێکی نەورۆزی پادشایانەیە[1][5] و،‏ ئاڵ‌وگۆڕێک لەم ڕۆژەدا ڕوودەدات و شتی سەیر و سەرسووڕھێنیش دەردەکەوێت..

وەرە با لەم ڕۆژی جەژنە خۆشەدا پێکەوە بۆ ئەو دەشت و بیابانە بڕۆین کە بە گوڵزاری جوان و ڕەنگاوڕەنگ خەمڵاوە و ئارایشت‏ دراوە.. بڕوانە! ئەوەتا خەڵکییش بەرەو ئەوێ دەڕۆن.. تەماشاکە! لێرەدا شتی سەیر ڕوو دەدات، نابینیت ئەو کۆشک و تەلار و خانووانە لە شوێنی خۆیان‏دا دەڕووخێن و پاشان شکڵ و شێوەیەکی تر دەگرنەخۆ؟! بە ڕاستی ئەم کارە گەلێ سەیر و دەراسایە! چونکە ئەو کۆشک و تەلار‏ و خانووبەرانەی کە ڕووخان، وا یەکسەر لێرەدا سەرلەنوێ بنیات‏ نرانەوە و ئەم دەشت و بیابانە چۆڵەش بوو بە شارێکی ئاوەدان!

بڕوانە! ئەم بیابانە ھەموو سەعاتێک = چەشنی شاشەی سینەما = دیمەنێکی تازە و شێوەیەکی نوێی جیاوازت لەچاو شێوەی پێشوودا پیشان دەدات.. بە وردی سەرنج بدە تا ناوازەیی و قەشەنگیی ئەو ڕێسا وردەکارەت بۆ دەربکەوێت کە لەم شاشە سەیر و سەرسووڕھێنەدا بەرچاو دەکەوێت کە بە ھەمیشەیی و خێرایی دیمەنەکان دەگۆڕێت و نوێ‌یان‏ دەکاتەوە، چونکە ئەو دیمەنانە ئەندێشەیی نین، بەڵکو دیمەنی ڕاستەقینەن و ھەموو شتێک تیایان‏دا، بەوپەڕی وردی و تەبایی و شیاوی، جێی خۆی دەگرێت، بە ڕادەیەک کە دیمەنە ئەندێشەیی‏یەکانیش ناگەنە ئاستی ڕێکی و ناوازەیی و وردەکاریی ئەمان، تەنانەت گەر ملیۆنان سیحربازی کارامەش کۆببنەوە ھێشتا ھەر ناتوانن ئەم کارە ناوازە و بێ‌وێنانە ئەنجام‏ بدەن. کەواتە ئەو پادشایەی وا لە ئێمەوە دیار نی‏یە، گەلێ شتی ئاوا نائاسایی و لەعادەت‏بەدەری ھەیە



[1][5]  دوایی لە "ڕاستیی نۆھەم"دا ئەو شتانە دەبینیت کە ئەم وێنەیە بە ھێما ئاماژەیان بۆ دەکات. چونکە = بۆ نموونە = ڕۆژە جەژنەکە ئاماژەیە بۆ وەرزی بەھار و، دەشتە بە گوڵزار ئارایشت‏دراوەکەش ئاماژەیە بۆ گۆی زەوی لە وەرزی بەھاردا و، مەبەستیش لەو دیمەنە ھەمیشە ئاڵ‌وگۆڕبوانەی سەر شاشەکەش: ئەو ڕزق و ڕۆزی‏یە جۆراوجۆرانەی مرۆڤ و ئاژەڵن کە دوو وەرزی بەھار و ھاوین بەرھەمیان‏دەھێنن و، بەدیھێنەری بەتوانای شکۆمەند و دانای خاوەنی جوانی تەقدیریان دەکات و، ھەردەم بە ڕێک‏وپێکی دەیان‏گۆڕێت و، بە میھرەبانیی بێ کەم و کووڕی و یەکجار تەواوی خۆیشی ھەمیشە نوێ‌یان دەکاتەوە و، دەم‏ بەدەم و کات لە دوای کات و ھەر لە سەرەتای بەھارەوە تا کۆتایی ھاوین بە بەردەوامی دەیان‏نێرێتە سەر ڕووی زەوی. (دانەر)

دەنگ نییە