وتەکان | وتەی دەھەم | 105
(84-154)

بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم وڵاتە = وەک لە بەرچاودایە = دەرخستن و ئاشکراکردنی ڕاستی‏یەکانی ئەم: دانایی و، چاودێری و، میھرەبانی‏‏ و، دادگەری‏یەی لە توانادا نی‏یە.. ئەمە لە لایەکەوە.. لە لایەکی تریشەوە گەر = وەک تۆ گومان دەبەیت = پادشا لە مەڵبەندی پادشایەتیی وڵاتەکەی‏دا چەندین کۆشک و تەلاری ھەمیشەیی و، جێ‌‏ و شوێنی بەرز و نەگۆڕ و، خانە و لانەی خۆشی ھەتاھەتایی و، ھاووڵاتیی نیشتەجێ‌بوو و، میللەت و ڕەعیەتی بەختیاری نەبێت کە ئەو: دانایی و، چاودێری و، میھرەبانی و، دادگەری‏یەیان بە تەواوی تێدا بێتەدی.. ئەوا دەبێ ئینکاریی ئەو "دانایی" و "چاودێری"و "میھرەبانی"یە بکەین کە بە چاوی خۆمان دەیان‏بینین و، سەرپێچی لەو ھەموو نیشانە و ئاماژانە بکەین کە بە ئاشکرا "دادگەری"یەکەی پێش‏چاو دەخەن. ئەو کاتەش دەبێ بەوپەڕی بێ‌عەقڵی و چەشنی نەفامیی ئەو کەسەی کە بە چاوی خۆی تیشکی خۆری ناوجەرگەی ئاسمان دەبینێت کەچی ئینکاریی دەکات، ئێمەش بەو چەشنە ئینکاریی ئەو ڕاستییانە بکەین و = خوانەخواستە‏ = بڵێین: ئەو ھەڵس‏وکەوتانەی کە بە "دانایی" ئەنجام دەدرێن و، ئەو کاروبارانەی کە دارای چەندین ئامانج و مەبەستی بەنرخ و چاکەی پڕ لە "میھرەبانی"ن، تێکڕا بریتین لە: گاڵتەجاڕی و غەدر و بێ‌مەبەستی. خۆ دیارە ئەم ئەنجامەش داخوازی ئەوەیە کە: "ڕاستی‏یەکان ھەڵ‌بگەڕێنەوە و ببن بە شتی دژ و پێچەوانەی خۆیان"! کە ئەمەش مەحاڵێکە ھەموو ژیران و خاوەن بیرانی ساغ لەسەر مەحاڵی‏یەکەی یەکیان‏گرتووە، مەگەر مرۆڤی "سۆفستائی"ی گێژ و دەبەنگ کە ئینکاریی بوونی ھەموو شتێک، تەنانەت بوونی خۆیشی، دەکات.

کەواتە جگە لەم خانە و لانانەی ئێرە، چەندین خانە و لانەی تر‏ و.. دادگایەکی مەزن‏تر‏و.. خانەیەکی دادگەریی بەرز و.. مەڵبەندێکی گەورەی بەخشندەیی ھەیە بۆ ئەوەی ئەم میھرەبانی و، دانایی و، چاودێری و، دادگەرییانە بە ڕوونی لەوێ‌دا دەربکەون و ئاشکرا ببن.

دەنگ نییە