وتەکان | وتەی دەھەم | 86
(84-154)

بەڵام ھاوڕێ گێژ و گەلحۆکەی، ئینکاری و سەرسەختیی نواند و، وتی:

= (ئەم سامانانەی دەیان‏بینیت ھەرگیز ھی دەوڵەت نین، بەڵکو بێ‌خاوەن و گشتی و ھەڕەمەکین و، ھەموو کەسێک دەتوانێت بە ئارەزووی خۆی دەستیان بۆ ببات. ئەوەتا من ھیچ شتێک نابینم ڕێی سوودوەرگرتنم لەم شتە جوان و ڕەنگینانەی بەردەمم لـێ بگرێت.. ئەوەش بزانە کە: جگە لە شتێ بە چاو بی‏بینم من باوەڕم بە چیی‏تر نی‏یە)! پاشان کەوتە قسەی پڕوپووچی وڕێنەئاسا و فەلسەفەلێدانی ئەم بۆچوونەی خۆی!

ئا لێرەدا گفت‏وگۆکەی نێوانیان پتر پەرەی‏ سەند و کەوتە دۆخێکی توند و گەرمەوە و، بابای گێلی گەلحۆ لە ھاوەڵەکەی زیاتر ھاتەپێش‏ و، لێی‏ پرسی:

= (ئایا پێم‏ناڵێیت پادشا کێ‌یە؟.. من نایناسم)!

ھاوڕێ‌کەی وەڵامی دایەوە:

= (تۆ گومانت لەو ڕاستی‏یەدا نی‏یە کە: گوندی بێ کوێخا و.. دەرزیی بێ وەستا و خاوەن و.. پیتی بێ نووسەر نی‏یە و نابێت. ئەی ئایا چۆن ئەوە بە خۆت ڕەوا دەبینیت کە پێت‏وابێت ئەم وڵاتە ڕێک‏وپێک و ڕەنگینە بێ پادشا و فەرمانڕەوا بێت؟ یان چۆن ئەم ھەموو سەروەت و سامانە بەنرخ و بەھادارانە بێ خاوەن دەبن؟ کە ئەوەندە زۆر و زەبەندە و بەردەوامن دەڵێی لە جیھانی پەنھانی غەیبەوە شەمەندەفەرێکی پڕ لە ئازووقە و ڕۆزیی بەنرخ دەم‏ بە دەم دێت و بارەکەی لێرەدا ڕۆ دەکات و پاشان دەگەڕێتەوە و دەڕوات[1][1]؟ ئایا نابینیت لە ھەموو لایەکی ئەم وڵاتەدا ئاگاداری و بەیاننامەکانی پادشا بڵاوکراونەتەوە و، ئاڵاکانی لە ھەموو گۆشەیەک‏دا دەشەکێنەوە و، تەمغە و مۆری تایبەتیی خۆی لەسەر ئەو ھەموو کاڵا و سەروەت و سامانانە نەخشێنراوە؟ ئیتر چۆن بە بێ‌ خاوەنیان دادەنێیت؟.. دیارە تۆ شتێک لە زمانی فەرەنگ فێربوویت و توانای خوێندنەوەی ئەم نووسینە ئیسلامییانەت نەماوە و، ناتەوێ لە کەسێکی شارەزاش بپرسیت و داوا بکەیت ئەو نووسینانەت بۆ بخوێنێتەوە! وەرە با من گرنگترینی ئەو فەرمان و بەیان‏نامانەی پادشات بۆ بخوێنمەوە).



[1][1]  ئاماژەیە بۆ وەرزەکانی ساڵ‌، ئەوەتا وەرزی "بەھار" وەک شەمەندەفەرێک وایە کە لە جیھانی پەنھانی غەیبەوە ھاتبێت و، بە پڕی خواردەمەنی و ئازووقەی لێ بارکرابێت. (دانەر)

دەنگ نییە