وتەکان | وتەی ھەوتەم | 47
(40-50)

خۆ ئەگەر سەرجەمی سۆز و بەزەیی و میھرەبانیی دایکان کۆبکرێنەوە، ئنجا دەتوانین بڵێین: بە کۆی ھەموویان ورشەیەکی درەوشانەوەکانی میھرەبانیی خواوەندی پەروەردگار پێک‏دەھێنن!

ھەر لەم ڕوانگەیەوە مرۆڤانی ئیمان کامڵ‌ دەستیان لە دەستەڵا‏ت و توانا(الحول والقوە)ی خۆیان داشۆردووە و ھەستیان بە دەستەوسانی و کۆڵەواریی خۆیان کردووە و تامی ترسانیان لە خوای خۆیان چەشتووە، ئیتر ھانایان بۆ بردووە و خۆیان پێ‌ پاراستووە و، ئەم بێ‌‏دەستەڵا‏تی و ترسەیان کردووە بە تکاکار لە دەرگانەی سۆز و بەزەیی خواوەندی میھرەبان‏دا.

چارەسەریی دووھەمیشیان: بریتی‏یە لە نزا و پاڕانەوە و، شوکرانەبژێری و، قەناعەت و، پشت‏بەستن بە سۆز و میھرەبانیی ڕۆزیدەریی خاوەن بەزەیی و سۆز و میھرەبان.

ئایا وایە؟

بەڵێ‌ وایە.. چونکە مادەم مرۆڤ میوانی ئەو خوایە بێت کە گۆی زەوی بۆکردووە بە سفرەیەکی پڕ لە نیعمەت و، بەھاریشی وەک چەپکە گوڵێکی ڕازاوە و ڕەنگین لەسەر ئەو سفرەیە بۆ داناوە کە بە ھەر چوار لای‏دا گوڵپڕژێنی نیعمەتەکانی کردووە، ئەو کەسەی میوانی خواوەندێکی ئاوا بەخشندە و سەخاوەتمەند بێت، چۆن "ھەژاری" و "بێ‌‏دەستەڵا‏تی"ی بەلاوە گران و ئازاربەخش دەبێت؟ بەڵکو دەزانێت کە ئەم دووانە = ھەژاری و بێ‌‏دەستەڵا‏تی = وەک ئیشتیھای خواردن وان کە زیاتر ھەستی مرۆڤ دەبزوێنن تاکو چاوەڕوانی نیعمەتی زیاتر بکات! بە ڕادەیەکی ئەوتۆ کە ھانی مرۆڤی باوەڕدار دەدەن ھەمیشە لە ھەوڵی زیادکردنی ئەو "ھەژاری‏"یەدا بێت، وەک ئەو کەسەی پتر ئیشتیھای خۆی دەجووڵێنێت تاکو نیعمەتی زیاتر بچێژێت!

دەنگ نییە