وتەکان | وتەی ھەوتەم | 45
(40-50)

ئەو دوو تەلیسمەش بریتین لە ئیمان‏بوون بە "خوا" و "ڕۆژی دوایی". بەڵێ‌، ھەر ئەم ئیمانەیە کە دەتوانێت مردن بکات بە ئەسپێک بەڵکو بە بوراقێکی ئەوتۆ مرۆڤ لە بەندیخانەی ئێش و ئازاری دنیا دەرباز بکات و بەرەو گوڵزارەکانی بەھەشتی بەرین و خزمەتی خواوەندی گەورە و میھرەبان و شکۆمەندی ببات. ھەر لەبەر ئەمەش بووە کە مرۆڤە کامڵ‌ و تێ‌‏گەیشتووەکان مردنیان خۆش ویستووە و بە لێوی گەش و خەندانەوە پێشوازییان لـێ‌‏ کردووە! چونکە حەقیقەت و ناوەرۆکی مردنیان زانیوە و بە چاو دیویانە، بۆیە لێی نەترساون، بەڵکو خۆشیان ویستووە و بە پەرۆشەوە چاوەڕوانییان کردووە و بێ‌ ھیچ ترس و بیمێک خۆیان ھەڵداوەتە ناو باوەشیەوە.

پاشان ھاتن و ڕۆشتن و تێپەڕبوونی "کات" بەسەر ھەموو شتێک‏دا و گرفتاربوونی ئەو شتانە بە مردن و جودایی و نەمان.. ئەم تەلیسمە ئیمانی‏یە دەیانگۆڕێت بە وێنەیەکی پرشنگداری ئەوتۆ کە ھانی مرۆڤ بۆ بینینی تازەیی ھەموو شتێک بدات لە دەمی نوێ‌‏بوونەوەی‏دا، تەنانەت دەبێت بەھۆی سەرنجدانی مرۆڤ لە جۆرە جیاجیاکانی موعجیزاتی داھێنانی بەدیھێنەری شکۆمەند و ڕەنگە جیاوازەکانی کاری دەراسای توانست‏و درەوشانەوەی میھر و بەزەیی ئەو خواوەندە میھرەبانە. ئەمەش وەک تیشک‏دانەوەی حەوت ڕەنگەکانی شەبەنگی خۆر وایە لەناو ئاوێنەدا و چەشنی جـم‏وجووڵی دیمەنی وێنە سینەمایی‏یەکان وایە کە پتر جوانی و دڵڕفێنی بە خۆر و بەو دیمەنانە دەبەخشن..

دەنگ نییە