وتەکان | وتەی ھەوتەم | 46
(40-50)

ئەو دوو چارەسەری‏یەش، یەکەمیان: ئارامگرتن و پشت بەستنە بە توانست و دانستی خوای گەورەی بەدیھێنەر و پەروەردگارمان.

جا ئایا وایە؟

بەڵێ‌ وایە.. چونکە ئەو کەسەی بەھۆی ناسنامە(ھویە)ی "بێ‌‏دەستەڵا‏تی"یەوە پاڵی بە دەستەڵاتی ئەو خواوەندەوە داوە کە فەرمانی: (كُنْ فيكون)ی بە دەستە، لە چی دەترسێ‌ و سڵ‌ لە چی دەکاتەوە؟ دیارە ئەو کەسە خۆی ڕادەگرێت و گوێ‌ بە ھیچ گیروگرفت و کارەساتێک نادات. چونکە ھەڵگری ئەو ناسنامەیە لە سامناکترین کات و لەبەردەم گرنگترین گیروگرفت‏دا پشت بە پەروەردگاری میھرەبانی خۆی دەبەستێت و، بەمەش تینوێتیی دڵی خۆی دەشکێنێت و، ھەر کە دەڵێت: (اِنَّا للهِ وَإنَّا إلَيْهِ راجِعُون) (البقرة:156) ئەوا بە جارێ‌ ئاسوودەیی ھەموو گۆشە و کەنارێکی دڵی دەگرێتەوە.

کەواتە مرۆڤی خواناس ھەمیشە لەو "بێ‌‏دەستەڵا‏تی" و ترسانەی لە خوای خۆی، چێژ وەردەگرێت و ھەست بە تام و لەزەت و خۆشی دەکات.

بەڵێ‌ زۆر ڕاستە! مرۆڤ لە دەمی ترس و بیم‏دا ھەست بە خۆشی و لەزەت دەکات. چونکە ئەگەر بتوانین پرسیار لە مناڵێکی ساوا بکەین و وا دابنێین عەقڵ‌ و توانای وەڵا‏مدانەوەی ھەیە و پێی بڵـێین:

خۆشترین و بەلەزەت‏ترین کات لە ژیانت‏دا کامەیە؟

لە وەڵام‏دا دەڵێت:

بێ‌‏گومان ئەو کاتەیە کە بە ترس و بێ‌‏دەستەڵا‏تی و ئومێدەوە خۆم دەھاومە ناو باوەشی پڕ لە سۆزی میھرەبانیی دایکمەوە و، دان بە بێ‌‏دەستەڵا‏تیی خۆم‏دا دەنێم!

دەنگ نییە